ئەوقاف بڕیاری توند بۆ چۆنیەتیی گەشتکردنی مەلاکانی کوردستان دەردەکا

ئەوقاف بڕیاری توند بۆ چۆنیەتیی گەشتکردنی مەلاکانی کوردستان دەردەکا
دوای ئەوەی لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو کۆمەڵە مەلایەک لە سلێمانی لەسەر داوای بەرپرسە ئاینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی ئەوقاف چوونە ئێران، بەر لە کۆتایی ساڵی رابردوو، جارێکی تر ژمارەیەک مەلای تری سلێمانی سەردانی ئێرانیان کردەوە. وەزارەتی ئەوقاف بڕیارێکی توند بۆ گەشتکردنی مەلا و کارمەندانی ئەوقاف بۆ دەرەوە دەردەکات و چەند مەلایەکیش سزا دەدا.



مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە(باس)ی ڕاگەیاند، بۆ لەمەودوا فەرمانبەران و مامۆستایانی ئایینی ئەگەر گەشت بۆ چەند وڵاتێک بکەن، ئەوا ڕێوشوێنی توندیان دژ دەگیرێتە بەر.



گوتی: “چونکە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی چوونەتە ئێران و سعوییە و تورکیا بەبێ ئاگاداریی وەزارەت”.



مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: “دەبێت مامۆستایانی ئایینی پێش گەشتکردنیان بۆ چەند وڵاتێک وەزارەت ئاگادار بکەنەوە، چونکە مەترسیمان لەوە ھەیە کە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی دەچنە ئێران و تورکیا و سعودییە، چونکە نازانین لەلایەن چ لایەنێکەوە بانگھێشت دەکرێن و بۆ چ مەبەستێک”.



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وڵاتانە ئەگەر مەبەستیانە دەتوانن لەڕێگەی کونسوڵحانەکان لە ھەرێمی کوردستان و لەڕێی وەزارەتی ئەوقاف خولەکانیان لە ھەرێم بکەنەوە.



نەقشبەندی ئەوەی خستە روو مەسەلە بریاری توند نییە، مەسەلەکە پێوەندیی بە پابەندبونی مامۆستایانی ئایینی بە یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافەوە ھەیە: "ماوەیەک لەمەوپێش ھەندێ مامۆستای ئایینی لە شاری سلێمانیەوە بەبێ مۆڵەتی وەزارەت و یەکێتیی زانایان، سەردانی ئێرانیان کردبوو لەگەڵ بەرپرسانی ئایینی باڵا کۆبوونەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و وەزارەتی ئەوقاف پێشتر مامۆستایانی ئایینیی لە سەرتاسەری ھەرێم ئاگادار کردووە، نابێ بەبێ رەزامەندی و مۆڵەتی وەزارەت، بڕۆنە دەرەوەی ھەرێم و بەشداری لە دیدار و کۆبوونەوە و کۆنفرانسدا بکەن ".



بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستا، جەختی کردەوە: "ئەو مەلا و کارمەندانەی ئەوقاق کە سەرپێچییان کردووە سزا دراون و غائب دراون و ئاگادار کراونەتەوە و نووسراوی ئاگادارکردنەوە (ئینزار)یان بۆ دەنێرین و ئەگەر دووبارەی بکاتەوە رەنگە لە بەرپرسیاریەتیی مزگەوت و وتارخوێندنەوەش لابدرێت.



حاجی ئاکۆ حەسەن بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی راگەیاند: “ناکرێت بەبێ ئاگاداریی ئێمە سەردانی لەم جۆرە بکرێت، ئەگەر مامۆستایەکی ئایینی یان فەرمانبەرێکی ئەوقاف سەردانی دەرەوە بکات، دەبێ مۆڵەت وەربگرێت ئەوانە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە و سەردانی ئێرانیان کردووە”.



پێشووتر مەلا موسلیم فریزی مامۆستای ئایینی لە شاری ھەولێر راگەیاند، چەندین مەلا لە رێگەی خول و خوێندن، لە ئێران بوون بە شیعە، گوتی: مەلا ھەیە دەیناسم لە ئێران خوێندنی تەواو کردووە بەم ھۆیەوە کۆمەڵێک بۆچوون و و بیرکردنەوەی وەکو ئەوانی لێھاتووە، مەلاش ھەیە دوای سێ جار ئەنجامدانی تاقیکردنەوە تێیدا نەبوو دەرنەچوو کەچی ئێستا ئیمام و خەتیبی مزگەوتێکی دیارە لە کوردستان.









باسنيوز
Top