سعودیە و ئێران هەوڵیان ئەوەیە شەڕی خۆیان بە وەكالەت بە لایەنی دیكە بكەن
لۆرێنس روبین هەروەها گوتی: بەداخەوە پێموا نییە بەو شێوەیە ئاسان بێت جیابكرێنەوە، بەتایبەتی كاتێك نفووزی گرنگیان هەیە، هەندێكجار گرنگترین نفووزیان هەیە. لە ناوچە گرنگەكانی ناكۆكی وەك سووریا و عێراق و لوبنان و شوێنی تریش. بۆ زۆر لە دەوڵەتانی سوننی و هەروەها لە دیدی ویلایەتە یەكگرتووەكانیشدا، ئێران زۆرجار بەشێكە لە كێشەكە و هەروەها لەوانەشە بەشێكی چارەسەرەكەش بێت كە نەتوانرێت فەرامۆش بكرێت. ئەوان لە سووریادا، دژی داعشن هەروەك ئێمە، بەڵام پاڵپشتی حكومەتی سووریا دەكەن، ئەمەش ناكۆكە لەگەڵ زۆر لە دەوڵەتە سوننەكان. لە عێراقدا دژی داعشن، بەڵام دەوڵەتانی سوننی و بەرژەوەندییەكانیان دەمێكە لە كاریگەری ئێرانییەكان و پاڵشتیكردنی ئەو دەسەڵاتە دەترسن كە پشتیوانی بەرژەوەندییەكانی شیعە دەكەن لە عێراقدا.
شايانى باسه روبین هەروەها گوتی: لە ئێستادا وادەردەكەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكان بە ئاراستەی ئێراندا بچێتە پێش لە پێوەندی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، بۆیە هێشتا هاوپەیمانی هەرێمایەتی بە روونی نەكێشراون، بەشێكی زۆری ئەم پرسە بەندە بەوەی چی لە ناو عێراق و سووریا و هەروەها رێككەوتنە ئەتۆمییەكە روودەدات.
لە كۆتایی قسەكانیدا لۆرێنس هەروەها گوتی: هەناردەكردنی زۆر لەو بیرۆكە شۆڕشگێڕییانە بەشێك بووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەشتاكاندا و لە چەندین كاتی جیاوازیش لە پاش مەرگی خومەینی- یەوە درێژەی پێدرا، بەڵام بە هەمان رادە نا. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر لە دەوڵەتانی كەنداو هەروەها دەوڵەتانی عەرەبی سوننی، بەتایبەتی سعودیە بەدڵنیایەوە ئاوا لە ئێران و ئاواتەكانی تێگەیشتوون. كارەكانی ئێران و تێگەیشتنەكانی دەوڵەتانی سوننەی كەنداو بوونە پالنەری پێوەندییەكان و چۆنیەتی راڤەكردنی رووداوەكان. ساڵی ٢٠٠٣ بۆشاییەكی دەسەڵاتی درووستكرد بۆ ئێران، ئێرانیش پڕی كردەوە و بە شێوەیەكی سرووشتیش سعودیە ئەمەی وەك بەدیهێنانی ئاواتە ئایدیۆلۆژییەكانی ئێران و ئامانجە هەرێمایەتییەكانی بینی.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1058)
