نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆدەبنەوە
دکتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سبەی دووشەممە 18-1-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ دکتۆر رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی، ستافی وەزارەت، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی خزمەتگوزاری و رەوشی تەندروستی و، قەیرانی دارایی و چۆنییەتی رووبەڕبوونەوەی دۆخەكە و دابینکردنی موچەی پزیشکان و کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی.
ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە رۆژی شەممە 16-1-2016 هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی و چەند وەزیرێك بۆ تاوتوێكردنی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران، كۆبوونەوەیەكی 10 كاژێرییان ئەنجامدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كۆبوونەوەكە رایگەیاندبوو، "ھاونیشتمانی بەڕێز دڵنیادەكەینەوە لەم دۆخە سەختەدا ھەموو توانایەكمان دەخەینەگەڕ بۆ بەدیھێنانی ئابوورییەكی سەقامگیر، فەرمانبەرانی دڵسۆز و خۆڕاگری كوردستان دڵنیادەكەینەوە كە بە پەرۆشی شەو و رۆژ كاردەكەین تاوەكو لەم دۆخەی كە نرخی نەوت لە بازاڕی جیھان بەردەوام دادەبەزێت، بتوانین مووچەیان بۆ دابین بكەین".
رووداو
