دانیمارك هێزی تایبەت رەوانەی كوردستان دەكات
بەپێی پلانەكە، دانیمارك 30 بۆ 50 راوێژكاری سەربازی بۆ باشووری كوردستان و عێراق دەنێرێت، هەروەها ژمارەیەكی دیكەی فڕۆكەی ئێف 16 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.
(كرستیان جینسن)، وەزیری بەرگریی دانیمارك رایگەیاند: "هیوادارین بتوانین لە 2016ـدا رۆڵی خۆمان بگێڕین و بتوانین لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانی دژ بە داعش ئەنجام بدەین".
لە لایەكی دیكەوە، (پیتەر جویل جینسن) سەركردەی پارتیی لیبراڵ و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی دانیمارك ئاماژەی دا: "لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیمارك بەردەوام داوای لێ دەكرێت رۆڵی كاریگەر بگێڕێت، ئێمەیش توانایەكی بێسنوورمان هەیە و، پێویستە بەدەم داواكانیانەوە بچین".
دەشڵێت، سوپای وڵاتەكەی دەتوانێت مەشقی سەربازی بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكات و لە ڕووی لۆجستییشەوە هاوكاریان بێت.
لە ئۆكتۆبەری 2014ـدا، دانیمارك بووە ئەندام لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژ بە داعش و، 90 سەرباز و حەوت فڕۆكەی ئێف 16ـی رەوانەی بنكەی سەربازیی كوەیت كرد، تاوەكو ئێستایش 574 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی داعش لە عێراق و باشووری كوردستان ئەنجام داوە و، لەو هێرشانەدا 503 بۆمب بەكار هێنراون.
