%10ــی روومادی هێشتا لەدەست داعشدایە

%10ــی روومادی هێشتا لەدەست داعشدایە
پەیامنێری رووداو لە روومادی دوایین زانیارییەکانی لەسەر ئەو شارە راگەیاند و گوتی: "هێشتا چەندین خێزان لەبندەستی داعشدا ماون و 7تاوەکو10%ی روومادیش هێشتا لەدەست داعشدایە بەتایبەت ناوچەی سەجارییە".

پەیامنێری رووداو بە ئاماژەدان بەوەی، حەشدی شەعبیمان لەناو روومادی نەبینیووە، گوتی: "ناوچەی مەلعەب بەتەواوی وێرانبووە، تەنانەت لەو ناوچەیە هیچ خانوویەک بە ساغی نەماوەتەوە".

بەگوتەی پەیامنێری رووداو، داعش هەموو ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی لەخەڵک سەندبوو.

نێردراوی رووداو لە روومادی رایگەیاند: "سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری روومادی و تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنی خەڵکی سڤیل لە روومادی کە لەدەست چەکدارانی داعش دان، هاوکات تەنها نزیکەی لەسەدا 10-ی شاری روومادی لەدەست چەکدارانی داعش ماوە و لەسەدا 90 ی شاری روومادی لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە".

هەروەها گوتی" نزیکەی 3300 خێزان لە روومادی لەدەست چەکدارانی داعش دەربازیان بووە و ئێستاش بەردەوام خەڵکی روومادی لەدەست چەکدارانی داعش هەڵدێن و خۆیان رادەستی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن، چونکە لە روومادی خەڵک لەدەست داعش ژیانیان خراپبووە و ترس و برسیەتی و نەخۆشێکی زۆر هەیە".

بە گوتەی پەیامنێری رووداو "خەڵکەکە گلەیی ئەوەش دەکەن کە شێخێکی ئەنبار بووەتە هۆکاری رادەستکردنی روومادی بە چەکدارانی داعش، هاوکات هێزەکانی عێراق ئێستا لە ئۆپەراسیۆندان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شوێنانە کە لەدەست داعش دان، هەروەها ناوچەی سەوفییە بەتەواوەتی کۆنترۆڵکراوەتەوە، ئیستا هەوڵدەدرێت ناوچەی ئیستجاریە کۆنترۆڵ بکرێتەوە کەدەکەوێتە نزیک شارۆچکەی خالیدییە".

نێردراوی رووداو لە روومادی ئاماژەی بەوەشکرد" هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە هیچ شێوەیەک بەشداری ناکەن لە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری روومادی، هاوکات هێزەکانی فیرقەی 8 و دژەتیرۆری عێراق و پۆلیسی ئەنبار بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکانی روومادی، دوای ئەوەی کە شوێنەکان کۆنتڕۆڵدەکەنەوە رادەستی هێزەکانی پۆلیسی ئەنباری دەکەن بۆ پاککردنەوە و ئەمنییەتی نێوخۆیی".










رووداو
Top