مەسروور بارزانی: كێشەی عێراق تەنیا شەڕی داعش نییە، گرفتی مێژوویی قووڵتری هەیە

مەسروور بارزانی: كێشەی عێراق تەنیا شەڕی داعش نییە، گرفتی مێژوویی قووڵتری هەیە
(مەسروور بارزانی) راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، كێشەی عێراق تەنیا شەڕی تیرۆریستانی داعش نییە، بەڵكە زۆر كێشەی مێژوویی قووڵتری هەیە و، پێویست دەكات چارەی ریشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 13/1/2016 لە دیدارێكیدا لەگەڵ (جەنەڕاڵ تۆم بێكت) نوێنەری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش و شاندی یاوەری، ئەو قسانەی كرد.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، تیشكی خستە سەر بارودۆخی بەرەكانی روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی دا، گرینگیی تێكشكاندنی سەربازیانەی داعش لەوەدایە كە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ لەناوبردنی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە جیهانییە و گوتی: "بۆ بەدیهاتنی ئەمە، پێویستە ئەو هێزانەی لەسەر زەوی شەڕی داعش دەكەن، هەموو جۆرە هاوكارییەكی پێویست لە ڕووی پێداویستیی سەربازی و تێچووی شەڕەوە بكرێن".

(مەسروور بارزانی)، وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگە و بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، باسی لە كێشەی ئابووری و قەیرانی داراییش كرد و رایگەیاند: "ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی داراییش بووینەتەوە، كە نیگەرانییەكی گەورەی دروست كردووە".

لە بەرانبەردا، نوێنەری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش، باسی لە رۆڵی كاریگەری كورد لە تێكشكاندنی داعش لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا كرد و رایگەیاند، ئەگەر هێزی كورد و پشتیوانیی فڕۆكەكانی هێزی هاوپەیمانان نەبووایە، بارودۆخەكە زۆر لەوە خراپتر دەبوو، كە وەكو كورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی، لە تێكشكاندن و دەركردنی داعش بەردەوامن.

هەر لە دیدارەكەدا دووپات كرایەوە كە، پێویستە كورد وەك ئەندامێكی كارای سەر زەوی و هاوپەیمانی جیهانیی دژ بە داعش، لە سەرجەم كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو شەڕە جیهانییە بە فەرمی بانگهێشت و بەشداریی پێ بكرێ، چونكە ئەنجامی ئەم كۆنفڕانسانە بە بەشداریی كورد كاریگەرتر دەبن.
Top