وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر پێدانی کارەبا بڵاوکردەوە
یاسین حەسەن وتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە فەیسبووکی خۆی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "هەموولا دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتی کارەبا پیشەییانە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و دەکات و ئێمە خۆمان سوورین لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی وزەی کارەبا لە هەرێم و پێویست ناکات هیچ کەس و لایەنێک ئەم بابەتە بۆ موزایەدەی سیاسی و کەسی و دەڤەرچێتی بەکار بهێنێت."
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە "بنەمای دابەشکردنی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا بریتییە لە یەکسانی پارێزگاکان لە ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی و ئەوەش ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی ناوەندی هەرێمە، هەروەها یەکسانی لە ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی لەنێوان قەزا و ناحیەو .. هتد هەر پارێزگایەک، کە ئەوەش ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی پارێزگاکانە."
هاوکات بۆ ئەو مەبەستە وتەبێژی وەزارەتی کارەبا داتاکانی ساڵی ٢٠١٥ ی وەزارەتی ئاشکرا کرد و بەپێی داتاکە تێکڕی بوونی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ١٨ کاتژمێر و ٢٧ خولەک بووە و لە هەرسێ پارێزگا بەم جۆرە بووە:
هەولێر: ١٨ کاتژمێر و ٢٦ خولەک
سلێمانی: ١٨ کاتژمێر و ٣٤ خولەک
دهۆک: ١٨ کاتژمێر و ٢١ خولەک
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاندووە "دەگونجێت بە هەندێک هۆکاری تەکنیکی یان هەر هۆکارێکی تر رۆژێک یان چەند رۆژێک پارێزگایەک یان ناوچەیەک کارەبای کەمتر بێت لە جێیەکانی تر و هەرکات ئەو حاڵەتە هەست پێ کرا ئەوا دەستبەجێ لایەنی پەیوەندیدار ئەو لاسەنگییە ڕاست دەکاتەوە."
ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا دوای ئەوە هات، لەماوەی ڕابردوودا باس لە نادادپەروەری لە پێدانی کارەبا کرا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارێزگای سلێمانی.
سەرچاوەكان
