ئەگەر وەزارەتەکان ھاوکار بن، دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکاتەوە
(سیراج خەیلانی) ئەندامی لیژنەی شاروانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "وەزاەرتی شارەوانی سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئامار و داتای ناوە لەگەڵ یەکێتی کرێنشینان و وەزارەتەکاندا، بەڵام یەکێتیی کرێنشینان ئاماری خۆیان ڕەوانەی وەزارەت کردووە و، تەنها حەوت وەزارەت ناوی خۆیان ڕەوانە کردووە و، ئەوانەی دیکە تائێستا ناوەکانیان ڕەوانە نەکردووە و سستن."
ھەروەھا گوتی، ئەو ناوانەی بۆ وەزارەتی شارەوانی ھاتوونە پێویستیان بەپێداچوونەوە ھەیە، چونکە بەشێک لەناوەکان سوودمەندبوونە وھەندێکیش کرێنشین نین،بۆیە پێویستە ئەمانە پاکسازی تێدا بکرێت.
(سیراج خەیلانی) ڕوونیشی کردەوە، کارکردن بەردەوامە، بەڵام ئەگەر وەزارەتەکان ھاوکار نەبن پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت، بۆیە پێویستە وەزارەتەکان ھاوکار بن و زووتر ناوەکان ڕەوانە بکەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی شارەوانی ڕاشیگەیاند: "جارێ دیار نییە کە ژمارەی کرێنشینان چەندە، لەبەر ئەوەی جارێ کۆکردنەوەی ئامار و داتا بەردەوامە؛ ھەتا تەواو نەبێ، ژمارەکە دیارنابێت."
(خەیلانی) ڕەخنەی لە وەزارەتەکان گرت بەوەی وەکو پێویست ھاوکار نەبوونە لە ناردنی ناوەکان، بۆیە داوای کرد زووتر ناوەکان ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەست پێبکات؛ جا ئەگەر وەزارەتەکان ھاوکار بن ھەر ئەمساڵ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکات.
