مەکتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە هەولێر لەكۆبوونەوەدان
كاژێر 11:00 ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 12-1-2016، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد.
شاندی یەكێتی لە مەلا بەختیار، سەعدی ئەحمەد پیرە، قوباد تاڵەبانی و عومەر فەتاح و رزگار عەلی پێکهاتووە، شاندی پارتیش بریتییە لە نێچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، كاكەمین نەجار، مەحموود محەممەد و دڵشاد شەهاب.
بەپێی زانیارییەكان، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی كێشە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ یان بەردەوامبوونی ئەم كابینەیە بە بەشداری گۆڕان یان بەبێ گۆڕان تاوتوێ دەكرێن، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیەكی نوێی یەكێتیش دەكرێت كە پێشنیاز دەكات هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بەپێی رێژەی دەنگ، یەكەم و دووەم و سێیەم دابەش بكرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەماهەنگی نێوان پارتی و یەكێتیش دەكرێت لە شاری هەولێری پایتەخت، بۆیە كاكەمین نەجار، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر و رزگار عەلی، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر بەشدارن.
رووداو
