پیاوێك 300 ئافرەتی كوردی ئێزدی رزگار دەكات

 پیاوێك 300 ئافرەتی كوردی ئێزدی رزگار دەكات
پیاوێكی كوردی ئێزدی دەڵێت لە دوای گرتنی شنگالەوە لەلایەن داعش و بردنی ئافرەتانی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوە، 300 لەو ئافرەتانەی رزگار كردووە كە هەر یەكێكیان چیرۆكێكی هەیە.

موراد بەرجەس، كوردێكی ئێزدییە و لە شاری دهۆك نیشتەجێیە، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا دوو تەلەفۆنی لەبەردەم خۆی داناوە و زوو زوو زەنگی مۆبایلەكانی لێدەدات، هەندێكجار بە عەرەبی و هەندێكجاریش بە كوردی وەڵام دەداتەوە. هەموو پەیوەندییەكانیشی دەربارەی رزگاركردنی ئافرەتانی كوردی ئێزدی بوو لە دەستی داعش.

موراد دەڵێت "دوای سێ هەفتە لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، چەند كەسێك كە ئێزدی بوون، لە شاری رەققەی سووریاوە تەلەفۆنیان بۆ كرد و داوایان كرد رزگاریان بكەم، منیش یەكسەر هەوڵەكانی خۆم خستەگەڕ و سەرەتا توانیم سێ‌ كچی ئێزدی رزگار بكەم".

رزگاركردنی ئەو سێ‌ كچە بەس بوو بۆ ئەوەی موراد وەكو فریادڕەسی ئافرەتە ئێزدییەكانی لای داعش ناو دەربكات و زۆربەی ئەوانەی رۆڵەكانیان كەوتبووە دەست داعش، پەیوەندیی پێوە بكەن.

موراد دەڵێت 13 كەس لە كەسە نزیكەكانی كەوتوونەتە دەست داعش، هەندێكیان تاوەكو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە "تەنیا لە خێزانەكەی خۆم دوو ژنبرا و دوو خوشك و چوار برازام بێ سەروشوێنن، من زۆر بەباشی لە ئازاری ئەوانە تێدەگەم كە رۆڵەكانیان كەوتوونەتە دەست داعش، بۆیە هەر كەسێك پەیوەندیم پێوە بكات، ئەوەی لە توانامدا بێت بۆی دەكەم".

هەریەك لەوانەی موراد رزگاری كردوون، چیرۆكی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام موراد زۆر كاریگەر بووە بە چیرۆكی كچێكی تەمەن 12 ساڵان. موراد چیرۆكی ئەو كچەی گێڕایەوە و گوتی "ئەو كچە چوار مانگ لەمەوبەر لە رەققەوە پەیوەندی پێوەكردم و باسی ژیانی خۆی كرد كە چۆن لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر، هاواری دەكرد دەیگوت توخوا رزگارم بكە لە دەست ئەو چەكدارانە، تا ئێستا 16 كەس دەستدرێژییان كردوومەتە سەر".

موراد كاتێك گوێی لە هاواری ئەو كچە دەبێت، هەوڵ دەدات بە هەر نرخێك بێت ئازادی بكات. موراد گوتی "ئەو كچە سەرجەم كەسوكارەكەی كەوتبوونە دەستی داعش، كەس داوای لێنەكردم، بڕیارم دا لە پێناوی خودا رزگاری بكەم، ماوەی یەك مانگ هەوڵم دا تاوەكو توانیم رزگاری بكەم، چیرۆكەكەی زۆر كاری تێكردم، بەڵام كە رزگارم كرد زۆر ئاسوودە بووم، لەو باوەڕەدا نیم قەت چیرۆكی ئەو كچەم لەبیر بچێت".

موراد هەر یەكێك لەو ئافرەتانەی لەبەرامبەر بڕێك پارە رزگار كردوون، بەڵام ئامادە نەبوو بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا بكات كە لە رزگاركردنی ئەواندا خەرجی كردووە. ئەو گوتی "ئافرەت هەبووە بە 500 دۆلار رزگار كراوە، هەبووە 10 هەزار دۆلارمان خەرج كردووە تاوەكو رزگارمان كردووە".

سەبارەت بە سەرچاوەی دارایی بۆ رزگاركردنی ئەو ئافرەتانە، موراد گوتی "سەرجەم ئەوانەی بەڕێگای ئێمە رزگاركراون، بە هاوكاریی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوارەكان بووە و تا ئێستاش هەر ئەوان هاوكاریمان دەكەن".

مۆبایلەكانی موراد پڕن لە وێنەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی لەلایەن داعشەوە بردراون كە موراد بە 2000 وێنە مەزندەیان دەكات. ئەو دەڵێت شوێنی بەشێكیان پێدەزانم، بەڵام ئەوانی دیكە زۆربەیان بێ سەروشوێنن".

ئەو كاتەی لە ماڵەكەی موراد بووین، دوو كوردی ئێزدی هاتن و ناو و وێنەی چەند كەسێكیان هێنابوو تاوەكو موراد سۆراغیان بكات و ئەگەر لە ژیاندا مابن رزگاریان بكات. موراد گوتی "من بەڵێنم بە خۆم داوە، هەتا یەك كوردی ئێزدی لە دەستی داعشدا مابێت، هەوڵی رزگاركردنیان دەدەم". گوتیشی "تا ئێستا 300 ئافرەتی كوردی ئێزدیم لە دەستی داعش رزگار كردووە".

موراد لەبەر پاراستنی ژیانی ئەو كەسانەی هێشتا لە دەستی داعشدا ماون، ئامادە نەبوو باسی چۆنیەتی رزگاركردنی ئەو ئافرەتە ئێزدیانە بكات، بەڵام گوتی زۆربەی ئەوانەی رزگاری كردوون لە تەلەعفەر بوون، بەشێكیش لە مووسڵ و رەققە و درێرەزوور بوون.

سەبارەت بەو كەسانەی هاوكارییان كردووە، موراد گوتی "زۆربەی ئەو ئافرەتانەم بە هاوكاریی عەرەبی ئەو ناوچانەی ئافرەتەكانی لێبووە رزگار كردووە، بۆیە ناكرێ‌ بڵێین هەموو عەرەب خراپن، چونكە عەرەبی وا هەیە لە زۆر كورد دڵسۆزتر بووە، لە پێناوی ئەو ئافرەتانە ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە".













رووداو
Top