ھندرێن محەمەد: دەتوانین بە کەمتر لە 280 ڕۆژ ڕیفراندۆم لە کوردستان ئەنجام بدەین

ھندرێن محەمەد: دەتوانین بە کەمتر لە 280 ڕۆژ ڕیفراندۆم لە کوردستان ئەنجام بدەین
"ھندرێن محەمەد"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن ‌و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەتی تایبەتی (باس)دا قسە لەسەر رێکارەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی راپرسی و ریفراندۆم دەکات.



کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن ‌و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان لە ١ی ٣ی ٢٠١٥ دەستی بە کارەکانی کردووە و چاوەوران دەکرێت یەکەم ئەزموونی کارەکانیان راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت، ھەروەھا ھەڵدبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٧ دەکەوێتە ئەستۆیان.


ھندرێن محەمەد ئەوەی خستە روو، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مافێکی رەوای ھەموو گەلانە کە راپرسی لەسەر چارەنووسی خۆیان بکەن، گوتی: بۆ ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، پێویستە سەرەتا بە فەرمی داوا لە ئێمە بکرێت بۆ ئەوەی خۆمان بە رێکی بۆ راپرسی ئامادە بکەین و ئەو ماوەیە کورتتر بکەینەوە کە پێویستمان پێیەتی، ئێمە وەکو کۆمسیۆنی کوردستان شەونخونی دەکەین تاوەکو لە کورتترین ماوەدا ئەو راپرسییە ئەنجام بدەین.


سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن ‌و راپرسی ئەوەی خستە روو، تاوەکو ئێستا بە فەرمی داوایان لێ نەکراوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی راپرسی، گوتیشی: بۆ ئیمە ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر ئاسانتر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی، چونکە تۆماری حزبە سیاسییەکانی تێدا نییە، ھەروەھا تۆماری کاندیدەکانی تێدا نییە و ئەو کەرەستانەی بەکاریش دێن، جیاوازن.


ئەو ھێمای بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی کەمتر لە ٢٨٠ رۆژ دەتوانن راپرسی لە کوردستان ئەنجام بدەن، گوتیشی: ئەگەر بە فەرمی داوامان لێ بکرێت دەتوانین زۆر کەمتر لە ماوەی ٢٨٠ رۆژ ریفراندۆم لە کوردستان ئەنجام بدەین.


سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە دەتوانن بەبێ بەغدا راپرسی ئەنجام بدەن، ھندرێن محەمەد دەڵێ: بەپێی یاسا ئێمە وەکو کۆمسیۆن بەرپرسیارین لە ھەموو ئامادەکاری و رێکخستنی ریفراندۆم لەسەر ئاستی کوردستان و، بەغدا ھیچ رۆڵێکی لەوەدا نییە، راستە ئێمە یاداشتێکی ھاریکاریکردنمان لەگەڵ کۆمسیۆنی بەغدا واژوو کردووە، بۆ پێدان و پوختکردنی لایەنی تەکنیکیی تۆماری دەنگدەران و ھاوکاریکردنی بواری تر، بەڵام بۆ راپرسی ئەوە بابەتە پێوەندیی بە ئێمەوە ھەیە.


سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن ‌و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە روو، لە کاتی ئەنجامدانی راپرسی ھاوئاھەنگی دەکەن لە گەڵ چەند ھاوبەشێکی نێودەوڵەتی کە ھەیانە، گوتیشی: “لە کاتی ھەر پرۆسەیەکی راپرسیدا کە بە ئیشی ئێمەوە گرێ دراوە، پێوەندیمان لەگەڵ چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیدا ھەیە، لەوانە رێکخراوێکی ئەمەریکی کە لە بواری دیموکراتی کار دەکات، ھەروەھا چەندین رێکخراو لەگەڵمان کار دەکەن و ھەموویان لەو ریفراندۆمەدا راستەوخۆ بوونیان دەبێ، ھەروەھا رێکخراوەکانی UN کە لەگەڵمانن ھەم بۆ چاودێری و ھەم بۆ راوێژکاری”.


ھندرێن محەمەد ئەو فۆرمی دەنگدانە ئاشکرا دەکات کە بۆ ریفراندۆم بەکار دێت: "پرسیارێک و دوو وەڵامی تێدایە بە (بەڵێ ) یان (نەخێر (زۆر سادەیە لەبەر ئەوە دیزاینکردن و تێچوونی کەم و ئاسانە، بۆیە ھەمیشە پرۆسەی ریفراندۆم کات و خەرجیی کەمتری دەوێت لەچاو ھەڵبژاردندا”.






















باسنيوز
Top