مه‌سروور بارزانی: ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تیی چه‌ك و پێداویستییه‌كانی شه‌ڕ زیاتر پڕچه‌ك بكرێ

مه‌سروور بارزانی: ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تیی چه‌ك و پێداویستییه‌كانی شه‌ڕ زیاتر پڕچه‌ك بكرێ
(مه‌سروور بارزانی) له‌ پێشوازی شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری چیك رایگه‌یاند كه‌، ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییانه‌ی گه‌یشتوون له‌ ئاست گه‌وره‌یی و به‌رفره‌وانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا نییه‌، ده‌بێ ئێمه‌ بۆ تێكشكاندنی داعش له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تی چه‌ك و پێداویستییه‌كانی شه‌ڕ زیاتر پڕچه‌ك بكرێین و پێویستیمان به‌ یارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 11/ 1/ 2016 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیك بە سەرۆكایەتی جاكوب لاندۆڤێسكی جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك بۆ كاروباری سیاسی و ستراتیژی كرد، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ربازی و سیاسی پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌لێكسه‌نده‌ر لانگه‌ر بالیۆزی كۆماری چیك له‌ عێراق و یارۆسلاڤ ریف كونسووڵی گشتیی كۆماری چیك له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو. جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك له‌ به‌رامبه‌ر ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە له‌ شه‌ڕی تیرۆیستاندا سوپاسی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی پێشكه‌شكرد و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان به‌ پێشمەرگە و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كوردستان بەردەوام دەبێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌سروور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی كۆماری چیكی كرد بۆ هاوكاری و پشتیوانیان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ دژی تیرۆریستانی داعش و رایگه‌یاند، تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش پێویستی به‌ هه‌وڵی هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌ك هه‌یه.‌ هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییانه‌ی گه‌یشتوون له‌ ئاست گه‌وره‌یی و به‌رفره‌وانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا نییه‌ و گوتی: ده‌بێ ئێمه‌ بۆ تێكشكاندنی داعش له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تی چه‌ك و پێداویستییه‌كانی شه‌ڕ زیاتر پڕچه‌ك بكرێین و پێویستیمان به‌ یارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.
جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك وێڕای ئاماژەدان بەوه‌ی تیرۆریستانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ن‌ بۆ سەر ئاسایشی جیهان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كە‌ له‌ كێشه‌و پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێده‌گه‌ن و ‌ وه‌ك كۆماری چیك ئاماده‌ن بۆ پێشكه‌شكردنی كه‌ره‌سته‌ و پێداویستی زیاتر و له‌ پشتیوانی كردنیشیدا به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ هۆكاره‌كانی ده‌ركه‌وتن و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و له‌ناوبردنی تیرۆریستان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی كرد،كە پێویستە لەپاڵ رێگه‌چاره‌ی سەربازیی، له‌ڕووی ئایدیۆلۆژی و داراییشه‌وه‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆریستان بگیردرێته‌به‌ر.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و فراوانتركردن و به‌رده‌وامی پەیوەندییەكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری چیك لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوكرا.
Top