سەرۆك بارزانی بە كونسوڵی وڵاتانی راگەیاند گەلی كوردستان بڕیار لە ئایندەی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەدات
1. سوپاسكردنی وڵاتەكانیان كە نێردەی دیپلۆماتییان لە هەرێمی كوردستان هەیە.
2. باسكردنی ئەو پرس و تەوەر و پەرەسەندانانەی كە لە هەرێمی كوردستان روویانداوە و پیشاندانی چۆنیەتی تێڕوانینی هەرێم بۆ ئەو پرسانە.
3. باسكردنی تێڕوانین و پلانی ئێمە بۆ ئایندە، چۆنیەتی تێڕوانینمان بۆ پێوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
فەلاح مستەفا هەروەها گوتی: ئەگەر هەندێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، واتە بۆ سەرەتای داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، هەرێمی كوردستان سەرەتا دەیویست خۆی لە شەڕی داعش بە دوور بگرێت و لەم شەڕەوە تێوە نەگلێت، ئامانجی ئێمە پاراستی كوردستان بوو، بەڵام ئاشكرایە تیرۆر و تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر هەموو لایەك و كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان بۆ سەر كوردستان دەستپێكرد، كەوتینە بارودۆخێكەوە كە ئەگەری ئەوەی هەبوو، ئەوەی بونیادمان ناوە و ئەوەی بەدەستمان هێناوە لەدەستی بدەین، بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند هەنگاوێكی جددی و بەپەلەی هەڵگرت بۆ ئەوەی هەرچۆنێك بێت پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعش رابگیرێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوكاری نێودەوڵەتی بوو، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەمریكا و دەوڵەتانی ناتۆ ئەو هاریكاری و یارمەتییەی بۆ بونیادنانەوەی سوپای عێراق خەرجیان كردبوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لێ بێبەش كردبوو، سەرەنجامیش سوپای عێراق ئەو سوپایە دەرچوو كە خۆی و ئەو هەموو چەك و تەقەمەنییەی دا بەدەستی تیرۆریستانی داعشەوە، هاوكات چەكی دەستی پێشمەرگە چەكی كۆن و ئیمكانیەتی سنووردار بوو، ئەوجا بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێت پێشڕەوییەكان رابگرێت و بەردەوام بێت، ئەوا داواكاری هەرێم ئەوە بوو چەندی دەكرێت لە رووی پێداویستیی سەربازییەوە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكرێت.
شايانى باسه مستەفا هەروەها گوتی: هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو سیاسەتە لۆژیكییەی پێڕەوی دەكات، توانیویەتی لە نێوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەكاندا خۆی بسەلمێنێ، راشكاوانە دەتوانم بڵێم ئەو مامەڵەیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات وەك بەشێك لە وڵاتێك، هەتا ئێستا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ هیچ هەرێمێكی دیكە لە جیهاندا نەكراوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێك توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت و خاكەكەی خۆی لە تیرۆریستان بپارێزیت و ئاسایش و سەقامگیری خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و، پێوەندییە نێودەوڵەتیەكانی بە رێكوپێكی بەڕێوەبەرێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەی هێشتا هەرێمی كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە، بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان كێشەی دەوڵەتی نەبووایە، ئەوا دڵنیام ئاستی هاوكاری و پشتگیری نێودەوڵەتی زۆر لە ئێستا زیاتر دەبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا هەر بەشێكین لە عێراق، ئەوا ئەم حاڵەتە زۆر ئاستەنگی بۆ درووست كردووین، بۆیە وێڕای ئەمانەش ئێمە شانازی دەكەین كە هەرێمەكەمان توانیویەتی پێگەی خۆی بخاتە ریزی وڵاتانی جیهان و كەمتر نییە لە حكومەتێكی دیكە، ئەم راستییانە ئێستا لە جیهاندا بەرجەستە بوون، سەرۆك بارزانی خۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە، وەزارەتی پێشمەرگە كاروباری بەرگری بەڕێوەدەبات و هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی سنووری زیاتر لە 1050 كیلۆمەتری لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەیە و توانیویەتی ئەو سنوورە بپارێزێت و تەسلیمی ئیرادەی تیرۆریستان نەبێت، بۆیە ئەم واقیعە فەرزی كردووە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم راستییە بكرێت، هەر بۆیە كە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەستپێكی قسەكەیان ئەوەیە دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا فەلاح گوتی: ئەو دەستكەوتانە و ئەم واقیعەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە بەرهەمی متمانە و راستگۆیی سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی-یە، ئەو سیاسەتە وایكردووە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا متمانەیەكی لە رادەبەدەریان بە كوردستان هەبێت. لێرەوە ئەگەر سەیری سیاسەتی هەرێم بكەین هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانانەوە، بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بوو هەرێمی كوردستان لە چ خانەیەكدایە و چی دەوێت. ئەگەر سەیری تەواوی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین، دەبینین بەشی هەرە زۆری قەیرانەكان دەرهاویشتەی كێشە و ململانێی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننەن و نابێت ئەمەش نادیدە بگیرێت، كە لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەدا هەرێمی كوردستان نەك هەر نەبۆتە بەشێك لەو ململانێ مەزهەبگەراییە، بەڵكو توانیویەتی كیانیك درووست بكات كە تیایدا لێبووردەیی و پێكەوەژیان بۆ هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان بوونی هەبێت، لەمەش زیاتر سیاسەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە هەرێمی كوردستان لە بەرەیەكدا نییە دژی بەرەیەكی دیكە، بۆ هەموو دەوڵەتانی عەرەبی سەلماند بەوەی هەرێمی كوردستان مەبەستی چییە و چ ئایندەیەكی دەوێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1057)
