هۆڵه‌ندا، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكوومه‌تی هه‌رێم كرد

 هۆڵه‌ندا، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكوومه‌تی هه‌رێم كرد
جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومه‌تی هۆڵه‌نه‌دا له‌میانی دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان، ده‌ستخۆشی له‌و هه‌نگاوانه‌ی چاكسازی كرد كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 10 - 1 - 2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (لۆدڤایك ئاشەر) جێگری سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە خاتوو (ژەنین هێنس پلاشخارت) وەزیری بەرگری و سوپاسالار و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازی و دیپلۆماسی پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا كە جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە توانیویانە ڕووبەڕووی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆرستیی جیهان ببنەوە و هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان بێ جیاوازی لە ترسی تیرۆر بپارێزن و سەركەوتن بەسەر تیرۆردا تۆمار بكەن.

هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئابووری، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆری كردووە و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ بەردەوامیی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ كوردستان دەربڕی. هەروەها دەستخۆشی لەو هەنگاوانەی چاكسازی كرد كە بەم دواییانە حكوومەت لە بواری ڕێكخستنەوەی داراییدا دەستی پێ كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكارییەك پیشان دا.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و تیشكی خستە سەر قەیرانی ئابووری و ڕایگەیاند بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە حكوومەت دەستی بە كۆمەڵێك ڕێكار كردووە و هیوای خواست وڵاتە دۆستەكان لەم ڕووەوە هاوكار بن.

هەروەها سوپاسی هۆڵەندا و هاوپەیمانی كرد بۆ ناردنی هاوكارییە مرۆییەكان و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر بۆ ئاوارە و پەنابەران بنێرێت.
جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەخوازێت كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارە بكات. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی تا ئێستا لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماونەتەوە، هەرێمی كوردستان هاوكار دەبێت.
Top