ئومێد محەممەد: لە داشکاندنی نرخی ئینتەرنێت گرفتمان بۆ دروستبووە
ئومێد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات "داشكاندنەكە لەنیوان 10تاوەکو 30%_یەو هەموو كۆمپانیاكان ناتوانن 30%ی نرخەكانیان دابشكێنن".
پاش بڕیارەكەی وەزارەتی گواستنەوە بە داشكاندنی نرخی ئینتەرنێت چەند لیستێكی داشكاندنی نرخەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە راگەیاندنەكان بڵاوكرانەوە بە جۆرێك بڵاوکرایەوە، نرخی هەر كارتێك 30% دادەبەزێت.
ئومێد محەممەد گوتی" ئەو نرخانەی ئینتەرنێت كە بڵاوكراوەتەوە هیچ بنەمایەكیان نییە و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە راست نین و بەو شێوەیە نییە، ئێستا بەنیازین نوسراو ئاراستەی كۆمپانیاكان بكەین كە لە %10 تاوەکو ریژەی 30%ی نرخەكانیان داببەزێنن".
ئومێد محەممەد، ئاشكراشی كرد "ئەوەی رێگرە لەوەی وەزارەت كۆمپانیاكان پابەند بكات بە نرخی ئینتەرنێت ئەوەیە لە گرێبەستی ئەو كۆمپانیانە ئەوە نەهاتووە دەبێت بە چ نرخیك خزمەتگوزاری دابین بكەن و، حكومەت نرخی دیاری نەكردووە، بەڵكو ئێمە هەوڵمانداوە كێبڕكێ لەنیوان كۆمپانیاكاندا دروست ببێت".
تاوەکو ئێستا كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت هیچ رێنماییەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان پێنەگەیشتووە بۆ كەمكردنەوەی نرخەكانیان، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتیش "كۆمپانیاكان توانا و خەرجییان جیاوازە و هەموویان وەكو یەكدی ناتوانن نرخەكان داببەزێنن".
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆمیش ئێستا بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانی خەرجی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت زیادیكردوەو، كەمكردنەوەی نرخەكان ئاسان نین.
فاتیح ئیسماعیل گوتی" ئێمە چاوەڕوانی رێنماییەكانین و بە بەدڵنیاییەوە ئیمە پابەند دەبین بە بڕیاری وەزارەتەوە، بەڵام تێچوونێکی زۆر کەوتووەتە سەرمان و، ئێستا بەهۆی بێ كارەباییەوە ئێمە بڕێکی زۆر لە کارەبا خەرجدەکەین".
رووداو
