جان دۆست: پەیەدە به‌ جل و بەرگ كورد، بەڵام گۆشت و خوێنیان لەگەڵ رژێمدایە

 جان دۆست: پەیەدە به‌ جل و بەرگ كورد، بەڵام گۆشت و خوێنیان لەگەڵ رژێمدایە
شاعیر و نووسەری ڕۆژئاوا كوردستان ئاماژە بەوە دەکات: رژێمی بەشار ئەسەد لە رێگەی (پەیەدە)وە ناوچەكانی كوردی كۆنترۆڵ دەكات و رێگە لەهەر بزووتنەوەیەك دەگرێت كە دژی ئەو بن.

(جان دۆست) شاعیر و نووسەر كە لە ئەڵمانیا دەژی و خەڵكی كۆبانێیە، ئەمڕۆ (8\1\2015) لە په‌یامێكیدا بۆ مێدیاكانی جیهان نووسیویه‌تی، پەیەدە لەجیاتی رژێمی (ئەسەد) رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی رۆژئاوا دەكات كە لە هەرێمی كوردستان مەشقیان پێكراوە و، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌: "پەیەدە نایەوێت پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بچنەوە ئەوێ. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە خواستی رژێمە. پەیەدە خواستی رژێم جێبەجێ دەكات. رژێم متمانە بە هیچ هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی یەپەگە كە سه‌ر بە پەیەدەیە ناكات. باش ئەوە دەزانێت ئەگەر بێت و پێشمەرگەكانی رۆژائاوا بگه‌رێنه‌وه‌ ئەوا بە ئاراستەی بەرژەوەندیی كوردانی سووریا دەجەنگن.''

(جان دۆست) هه‌روه‌ها دەڵێت: "پەیەدە وەك كوتەكێكی ئامادە وایە بە دەستی رژێمەوە. رژێمی (بەشار ئەسەد) لە رێگەی پەیەدەوە ناوچە كوردییه‌كانی كۆنترۆڵ كردووه‌ و رێگە لەهەر بزووتنەوەیەك دەگرێت كە دژی ئەو بن. ئەمە ئەركی پەیەدە بووه‌. هه‌ڵبه‌ت پەیەدە نایەوێت هەرێمێكی كوردی درووست بكرێت، رژێمیش ئەمەی ناوێت و رێگە بە كارێكی لەوجۆرەش نادات. وا دەزانرێت كە ناوچەكانی كوردی لە سووریا جیا بوونەتەوە، توركیایش دژی ئەمەیە، بەڵام دۆخێكی لەوجۆرە بوونی نییە. پەیەدە لە سایەی ئەو پارە و چەكەوە ماوەته‌وه‌، كە رژێم پێی دەدات".

ئه‌و و نووسەره‌ دیاره‌ی ڕۆژئاوای كوردستان سەبارەت بەو گوشارەی پەیەدە لە رابردوودا خستویه‌تیە سەر رۆژنامەوانانی كورد كه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ نزیكن، رایگەیاندووه‌ "ئەو سیستەمەی كە پەیەدە دەیەوێت دایبمەزرێنێت (كانتۆن)، بە بڕوای من درێژە دەدات بە رژێم. لەوێ دیكتاتۆریەت بوونی هەیە، خوێنڕشتن و گرتووخانە بوونیان هەیە. ئەگەر بێت و پێویست بێت كە راستییەكە بڵێین، ئەوا پەیەدە گەنجە بێتاوانەكانی كورد بەرەو جەنگ دەنێرێت و، ئەو گەنجانە وەك قەڵغانێك بۆ پارێزگاریكردن لە رژێمی (ئەسەد) بەكار دەهێنێت. پەیەدە لە رێگەی گوشارەكانییەوە بۆ سەر كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەوانانی كورد، لەم چوارچێوەیەدایە و خزمەت بە ئەسەد دەكات و ئەركەكەی بە باشی جێبەجێ دەكات. پەیەدە جل و بەرگیان كوردییە، بەڵام له‌ راستیدا گۆشت و خوێنیان لەگەڵ رژێمدایە''.
Top