"حكوومه‌ت قۆناخی دووه‌می چاكسازی به‌یان ده‌كات"

ئەندامی لیژنەی پێداچوونەی ئیداری و دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەحەفتەی دابێ قۆناغی دووەمی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕادەگەیێندرێت، کە نزیکەی حەوت بڕیار دەبێت، جەختیشی کردەوە، بە ھیچ جۆرێک باسی کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران نەکراوە.

ئەندامی لیژنەی پێداچوونەی ئیداری و دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان (د. ئاراس خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوتی چاکسازییەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و کاری بەردەوامیشی لێ دەکرێت، کە ئەوەی لە دەست ھاووڵاتیانی حکوومەتدایە شەش قۆناغە و قۆناغی یەکەم لە ماوەی ڕابردوو ڕاگەیێندراوە و ئێستا قۆناغی دووەم ئامادە کراوە، کە حەوت بڕیار دەبێت و تەنها ماوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزای بکات و بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پەسەندکردن و ڕەنگە تا حەفتەی دابێ ڕایشبگەیێندرێت."

(د. ئاراس خۆشناو) گوتیشی، بە ھیچ جۆرێک تا ئێستا باسی کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران نەکراوە و، تەنها دەرماڵەی ئەو کەسانە دەبڕدرێت کە بە ناهەق وەریان‌گرتووە و ئەوەی هەقی خۆیەتی بە ھیچ شێوەیەک لێی نابڕدرێت؛ هەڵبەت بڕیاری کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پلەبەرزەکان دراوە.

Top