بڕیاری بەرزكردنەوەی پلەی راوێژكارانی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێندرایەوە

بڕیاری بەرزكردنەوەی پلەی راوێژكارانی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێندرایەوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری فەرمانی یەکخستنەوەی ناونیشانی راوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشینێتەوە، بەهۆی " وەک پێویست نەبوونی داڕشتنەکەیەوە، لەلایەن هەندێ بەرێز لێکدانەوە و وشرۆڤەی جیا جیای بۆ کراوە"

دەقی راگەیاندنەکەی پەرلەمان لەو بارەیەوە:

بەپێی فەرمانێک کە لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بڕیاردرا بەهەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ژمارە (٥٨٧٠) کە لە ٩/١٢/٢٠١٥ دەرچووە و پەیوەستە بە یەکخستنەوەی ناونیشانی راوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها ئەوەش راگەێنراوە بەهۆی وەک پێویست نەبوونی داڕشتنەکەیەوە، لەلایەن هەندێ بەرێز لێکدانەوەو وشرۆڤەی جیا جیای بۆ کراوە.

هەربۆیە لەفەرمانەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی دارایی و کاروباری پەرلەمانی راسپاردوە بەپەلە پێداچونەوە بۆ ئەم پرسە بکات و کار بۆ رێکخستنەوەی پلەی راوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان بکەن بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ پرۆژە چاکسازیەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

دوا بەدوای ئەم فەرمانەش دیوانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دیارە راستکردنەوەی پلەی راوێژکارانی پەرلەمان بەتەواوەتی وەکو ئامرازەکانی پروپاگەندەی حیزبی وسیاسی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی دیار دژ بە پاکێجی چاکسازی حکومەتی هەرێم بەکارهێنراوە و بۆئەوەی دەرفەت بەم لایەنانە نەدرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا بەهەڵوەشانەوەی بڕیارەکەو دووبارە ئاراستە کردنەوەی ئەم پرسە بۆ لیژنە پەیوەندارەکانی پەرلەمانی کوردستان.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی پەرلەمان
٦/١/٢٠١٦









رووداو
Top