کەمال کەرکووکی: پێویستە عێراق ببێتە سێ وڵاتی سەربەخۆ

 کەمال کەرکووکی: پێویستە عێراق ببێتە سێ وڵاتی سەربەخۆ
گۆڤاری (The National Interest) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی میحوەری باشووری رۆژئاوای کەرکووک ئەنجام داوە و ناوبراو باسی دابەشبوونی عێراق دەکات.



کەمال کەرکووکی بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە کاتێک کە چەکدارەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ھێرشیان کردووەتە سەر رۆژئاوای کەرکووک، ھێزە عێراقییەکان چەندین چەک و تەقەمەنیی گرنگیان بۆ داعش بەجێھێشتووە، کە لەنێوانیاندا دژە تانکیشی تێدا بووە، ھەروەھا چەندین ئۆتۆمبێلی گرنگیان بۆ داعش جێھێشتووە.



ھەر لەمیانی چاوپێکەوتنەکەیدا کەمال کەرکووکی گوتی: "ئێستا عێراق لەڕووی پێکھاتەی کۆمەڵایەتییەوە خۆی دابەش بووە، باشترین رێگەچارەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، دابەشبوونی عێراقە بۆ سێ وڵاتی سەربەخۆ، چونکە ئەگەر عێراق بە یەک وڵات بمێنێتەوە ھەر لایەنە و ھەڕەشە دەکاتە سەر لایەنەکەی دیکە، ھەر بۆیە پێویستە عێراق ببێتە سێ وڵات کە وڵاتێک بۆ کوردەکان بێت، دوو وڵاتی سەربەخۆش بۆ سوننەکان و شیعەکان دابندرێت".



کەمال کەرکووکی بە گۆڤارە ئەمەریکییەکەی راگەیاندووە "ئێمەی کورد لە شەڕ داین لەگەڵ داعش، ھەربۆیە دەبێت رێگامان پێبدرێت کە خۆمان نەوتی کوردستان بفرۆشین، بۆ ئەوەی باری ئابووریی ھەرێمی کودستان باش بکەین، ھەروەھا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ چەک بەدەست بھێنین بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە".



کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ھەرێمی کوردستان سەقامگیرترین پارچەی عێراقە، چونکە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراق لە خاکی کوردستان نیشتەجێن، لە نێوانیان ئەو مەسیحیانەشی تێدایە کە بەھۆی داعشەوە دەربەدەر بوون، ئەو ژمارەی ئاوارانەش رێژەی دانیشتوانی بە رێژەی 29% لە ھەرێمی کوردستان زیاتر کردووە.





باسنيوز
Top