ئەمریكا فیرقەیەك بۆ سوننەكانی مووسڵ دروست دەكات
جگە لە هێزی حەشدی نیشتیمانی كە هێزێكی سوننەیە و لەلایەن توركیاوە راهێنانیان پێدەكرێ، ئەمریكا بڕیاری داوە فیرقەیەكی سەربازی لە سوننەكانی پارێزگای نەینەوا دروست بكات.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە عەرەبە سوننەكانی پارێزگای نەینەوا راگەیاند :ئەمریكییەكان پێیان راگەیاندووین كە بە هەموو جۆرێك پشتگیریمان دەكەن و بەمزووانەش سەربازگەیەكمان لە نزیك مووسڵ بۆ دەكەنەوە. هەموو شتێك ئامادەیە، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر دروستكردنی ئەو فیرقەیە بدات، چونكە ئەگەر بارزانی رازی نەبێت، ئێمەش رازی نابین".
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شاری رومادی لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، ئێستا رزگاركردنی شاری مووسڵ بووەتە رۆژەڤ كە رۆژی 10/6/2014 كەوتە دەست چەكدارانی داعش، بەڵام رزگاركردنی ئەو شارە وادیارە بە سانایی نابێت، چونكە دوا پێگەی گرنگی چەكدارانی داعشە لە عێراق، ئەویش دوای رزگاركردنی تكریت و رومادی و ئەو شوێنانەی لە باشووری كوردستان داگیریان كردبوو.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ كۆبووەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا باسی نیازی ئەمریكییەكان لە دروستكردنی ئەو فیرقە تازەیە كراوە كە ژمارەیان نزیكەی 25 هەزار سەرباز دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە كە بڕیارە بەرپرسیارێتی لەو فیرقە نوێیە وەربگرێ و بەڵام نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "ئەو هێزەی ئێستا لە حەشدی نیشتیمانی و پۆلیسی مووسڵ بۆ هێرشكردنە سەر مووسڵ ئامادە كراوە كە ژمارەیان نزیكەی 10 هەزار سەرباز و پۆلیس دەبێت، رەنگە نەتوانن بە تەنیا مووسڵ رزگار بكەن، لەبەر ئەوە ئەمریكا دەیەوێت هێزێكی زیاتر بە چەك و تەقەمەنیی باشترەوە ئامادە بكات، بۆ ئەوەی پاڵپشتی هێزی حەشدی نیشتیمانی بكەن".
گوتیشی "دروستكردنی ئەو هێزە تەنیا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ نییە، بەڵكو دوای كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵیش هەردەمێنن و پارێزگاری لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دەكەن".
نزیكەی ساڵێك و سێ مانگە لە هەردوو سەربازگەی باشیك و بەردان 9000 پۆلیس لەگەڵ 1200 سەرباز لەلایەن راهێنەرانی سوپای توركیاوە راهێنانیان پێدەكرێ. ئەو هێزەش لەلایەن ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نەینەواوە سەرپەرشتی دەكرێت كە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا و هەرێمی كوردستان هەیە. ناوبراو لەسەر دۆسیەی كەوتنی مووسڵ، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە متمانەی لێوەرگیرایەوە.
بەرەكات شەمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت "دوای رزگاركردنی شاری رومادی، هەوڵەكان بۆ هێرشكردنە سەر شاری مووسڵ چڕبوونەتەوە. هەفتەی رابردوو بەرپرس و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە ناحیەی ئەلقوش كۆبوونەوە و باسیان لە چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ هێرشكردنە سەر مووسڵ كرد".
ژووری ئۆپەراسیۆن كە بۆ هێرشكردنە سەر مووسڵ پێكهێنراوە، ئێستا لە شاری هەولێر كارەكانی بەڕێوەدەبات. لەو ژوورەدا نوێنەری هەرێمی كوردستان، ئەمریكا و عێراق هەیە. شەمۆ دەڵێت "بەرپرسی ئەو ژوورە عەرەبێكی سوننەیە، بەڵام كوردیش رۆڵێكی بەرچاوی لەو ژوورەدا هەیە، ئێستا هەموو هەوڵەكانی ژوورەكە بۆئەوەیە كە پێشمەرگەش بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بكات".
رووداو
