حكوومهت گرینگی دهداته كشتوکاڵ
سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دهڵێ: "پشتیوانی لە كەرتی كشتوكاڵ زۆر پێویستە، چونكە نەك هەر لە هەرێمی كوردستان بەڵكو لای هەموو وڵاتان كشتوكاڵ، بنەمای ژێرخانی ئابوورییە؛ لە كوردستانیشدا حكوومەتی هەرێم زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو كەرتە گرنگەدا و بە هەموو توانایەك پشتیوانیی لێ دەكات و هەنگاوەكانی وەزارەتیش بۆ ئەم مەبەستە زۆر بە گرنگ دەزانێت و، هیوادارە هەمیشە لە پلان و بەرنامەكانی خۆی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی كشتوكاڵ بەردەوام بێت."
لە دیدارێكی عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت كە چەند بەڕێوەبەرێکی وەزارەتیش ئامادەی بوون، چەندین تەوەر و بابەت باسی لێ وەكرا؛ لەوانە هەنگاوەكانی وەزارەت لە رووی پاراستنی بەروبومی خۆماڵی لە دانەوێڵە و سەوزە و میوە و دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە كە كۆی باجی وەرگیراو لە ساڵی 2015 گەیشتۆتە 71.626.750.000 دینار، ئەمەش كاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە بۆ سەر جووتیاران كە زیاتر ڕوو بكەنە چاندن و بەرهەمهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی و ساغكردنەوەی ئەم بەرهەمە.
جەختیش كرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی ئەو یاسایەی پاراستنی بەرهەمی كشتوكاڵ و بایەخی زیاتر بە بەرهەمە ستراتیژییەكان بدرێت بەمەبەستی گەیشتن بە خودبژێوی و تێراخۆ، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ پێویستە چەند خاڵێک ڕەچاو بكرێت؛ لەوانە نەخشەڕێگا یان پلان و بەرنامە، هەروەها میكانیزمی جێبەجیكردن؛ هاوكات بوونی توانای دارایی.
