"كارتی نیشتمانی دروست ده‌كرێ"

ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ دەڵێ بوودجە و فەرمانبەری تایبەت لە هەرێم بۆ دروستكردنی كارتی نیشتمانی دانراوە و بڕیارە لەم مانگەدا دەست بە كاری خۆیان بكەن.

(نازم كەبیر هەركی) ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بوودجە و فەرمانبەری تایبەت لە هەرێم بۆ دروستكردنی كارتی نیشتمانی دانراوە، بڕیارە لەم مانگەدا دەست بە ئیش و كارەكانی خۆیان بكەن و كارتەكە بۆ هاووڵاتیان دروست دەكرێ؛ تەنها ماوە تۆڕی پەیوەندی (شەبەكە) لە نێوان هەرێم و حكوومەتی ناوەنددا بچەسپێندرێت."

(هەركی) ڕوونیشی كردەوە: "سەرەتا فەرمانگەیەك بۆ دروستكردنی ئەم كارتە دەكەوێتە ئیش، دوایی 111 فەرمانگەی تر، دەست بە ئێشەكانیان دەكەن تا گورجێ کارەكە تەواو بكرێ."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوخۆ ڕاشیگەیاند: "كارتی نیشتمانی بۆ ئاسانكردنی كاروباری هاووڵاتیان زۆر زۆر گرنگە، ئەم كارتە لەبری زۆرێك لە بەڵگەنامەكانی تر بەكار دەهێندرێت. هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپایی ئەم كارتە زۆر سوودی لێ وەردەگیرێت. بۆ دروستكردنی ئەم كارتەیە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایێكی ئەڵمانیدا كراوە."
كارتی نیشتمانی ناوی كەسەکە و گروپی خوێن و ژمارەی خێزانی لەسەر دەستنیشان كراوە و 20 زانیاری نهێنی تایبەت بەو كەسەی تێدایە. هاووڵاتیان دەتوانن بەو كارتە و پاسپۆرت سەرجەم مامەڵەكانیان بکەن.
Top