وەزارەتی ئەوقاف: دوورخستنەوەی سەلیم شووشكەیی لە چوارچێوەی چاکسازیی وەزارەتە

وەزارەتی ئەوقاف: دوورخستنەوەی سەلیم شووشكەیی لە چوارچێوەی چاکسازیی وەزارەتە
بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لادانی پەرلەمانتارێكی عێراق لەوەی وتاری هەینی لە یەكێك لە مزگەوتەكانی هەولێر بخوێنێت، لە چوارچێوەی ئەو چاكسازیانەیە كە وەزارەتی ئەوقاف ماوەی چەند مانگێكە دەستی پێ كردووە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە رێگە نادەن وتاری توند بدرێت و گەنجان هان بدرێن بچنە ناو ریزەكانی داعشەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەریوان نەقشبەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مامۆستا (سەلیم شووشكەیی) پەرلەمانتاری عێراقە و فەرمانبەری وەزارەتی ئێمە نییە، بەڵام لەسەر داوای ئێمە تاوەكو ئێستا وەكو خۆبەخش وتاری داوە، ئێمەیش وەكو وەزارەت كۆمەڵێك چاكسازیمان ماوەی چەند مانگێكە راگەیاندووە لەبارەی وتاری ئایینی و، نەهێشتنی وتاری تووند لە مزگەوتەكان و ئەوانەی كە گەنجیان هان داوە بچنە ناو داعشەوە، بۆیە ئەوەی كراوە كۆمەڵێك رێكارە و لە داهاتوویشدا بەردەوام دەبێت، چونكە هەموو مزگەوتەكان سەر بە وەزارەتی ئەوقافن".

(نەقشبەندی) گوتیشی، لە ئێستادا فەرمانبەرێكی وەزارەتی ئەوقاف لە شوێنی (شووشكەیی) دانراوە، تەنیا ئەویش نییە و لە زۆر مزگەوتی دیكەدا گۆڕانكاری كراوە.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت: "ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەكات وەزیری ئەوقاف بە (شووشكەیی) گوتووە لە سەرووی خۆم پێم گوتراوە لە وتاردان دوور بخرێیتەوە، ئەمە هیچ بنەمایەكی نییە و وەزیری ئەوقاف بە وەكالەت لەو ئاستەدا نییە قسەی وا بكات و هەر بەڕێوەبەرێكی ئەوقافیش دەتوانێ كەسێك بۆ مزگەوتێك دیاری بكات".

(نەقشبەندی) باسی لەوەیش كرد: "(سۆران عومەر) سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ قسەی لەسەر لادانی ئەو مامۆستایە كردووە و ئێستا هەموو كاری پەرلەمانی بەجێ هێشتووە و خەریكی كاری حیزبییە و، لەجیاتی چاككردنی كاری پەرلەمان و مافی مرۆڤ لە كوردستان، هاوسۆزیی حیزبی بۆ (شووشكەیی) دەردەبڕێ، بەڵام ئەمە لای ئێمە گرینگ نییە، چونكە ئێمە راهاتووین و لە موعاناتی حیزبیی ئەوان و تێدەگەین، ئەگەریش (شووشكەیی) قسەیەك بكات زوڵم لە خۆی دەكات، چونكە گەر ئەو باس لەوە بكات دەنگی زۆری بە دەست هێناوە، ئەوا مینبەری بۆ مەبەستی سیاسی بەكار هێناوە و، ئێمەیش رێگە بەوە نادەین مینبەر ببێتە پەیژەیەك بۆ سەركەوتنی خەڵكی سیاسی بۆ پەرلەمان و شوێنەكانی دیكە".
Top