نەمسا سەدان کۆچبەر دەنێرێتەوە وڵاتەکانیان

 نەمسا سەدان کۆچبەر دەنێرێتەوە وڵاتەکانیان
پۆلیسی نەمسا رایدەگەیێنێ، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا سەدان کۆچبەریان "بەهۆی درۆکردن" لەبارەی راستی رەگەزنامەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە رەتکردووەتەوە و، لەڕێگەی سلۆڤینیاوە گەڕاندوونیانەتەوە وڵاتەكانیان.

لە هاوینەوە هەزاران کۆچبەر لەڕێگەی وڵاتی سلۆڤینیاوە سنووری نەمسایان بڕیوە، کە دوا وڵاتی بەلقانە بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەڵمانیا و زۆرترین ژمارەی کۆچبەران خوازیاری گەیشتنن بۆ ئەوێ.

بەگوێرەی لێدوانی پۆلیسی نەمسا، لە یەکەم لێپرسینەوەدا لەگەڵ کۆچبەران، سێ هەزار کۆچبەر لەبەردەم وەرگێڕەکان لێیان ئاشکرابووە، کە توانا زمانەوانییان لەگەڵ رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەدا یەکیان نەگرتووەتەوە، کە خۆیان پێیەوە ناساندووە.

بەپێی لێدوانی پۆلیسی نەمسا، ئەو کۆچبەرانە هەستیانکردووە کەیسەکانیان رەتدەکرێنەوە ئەگەر راستی رەگەزنامەکانیان ئاشکرا بکەن، لەبەرئەوە، کاتێک زانیارییان سەبارەت بەخۆیان داوەتە پۆلیس، زانیاری نادروستیان سەبارەت بە رەگەزنامەکانیان داوە، بەڵام گوتەبێژەکەی پۆلیس رەتیکردووەتەوە رەگەزنامەی ئەو کۆچبەرانە ئاشکرا بکات، کە درۆیان لەبارەی رەگەزنامەکانیانەوە کردووە.




رووداو
Top