زانیاری له‌سه‌ر گەڕانەوەی ئاوارەكانی جەلەولا

 زانیاری له‌سه‌ر گەڕانەوەی ئاوارەكانی جەلەولا
بەڕێوەبەری شارەدێێ‌ جەلەولا، یوسف یەعقوب بە ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند؛ دوێنێ‌ 155 خێزان گەڕێندرانەوە بۆ جەلەولا كە سەرجەمیان دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شارەكەن ئەمەش قۆناغی یەكەمە و لە داهاتوودا تەواوی خێزانەكان دەگەڕێننەوە.

یوسف یەعقوب گوتیشی، گەرەكی ئازادی زیاتر لە 1500 خێزانن و لە ئێستادا ئەو 155 خێزانە گەڕاونەتەوە ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، لە لایەكەوە ئەم گەڕەكە كارەباو ئاوی هەیەو هەروەها ئەو خێزانانە زۆربەیان دوكاندارن و نزیكن لە بازارەوە ئەمەش بۆ ئەوەی بازاری جەلەولا بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكەوێتە كارو لە داهاتوودا ئاسانكاری بێت بۆ هاووڵاتییانی دیكە.
سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزانی خانەقین، سەمیر محەممەد نور بە ماڵپەڕی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند؛ ئەو 155 خێزانە زیاتر لە سالێكە ئاوارەی شاری خانەقینن، لە ئێستادا گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان.
رونیشیكردەوە، پێشتر خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری جەلەولا گەڕاونەتەوە، بەڵام ئێستا خەڵكی ناو شارەكەش بە چەند قۆناغێك دەیانگەڕێننەوە. بۆیە كراونەتە چەند قۆناغێك، بۆ ئەوەی لایەنی ئەمنی لێكۆڵینەوەی ورد و چڕ بكات لەسەر ئەو خێزانانە كە دەگەڕێنەوە ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی و دەستگیركردنی تۆمەتباران.

شارەدێی جەلەولای سەر بە شاری خانەقین ماوەی چەند مانگێك كەوتە دەستی چەكدارانی داعش، بەڵام لە 23/11/2014 لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئازادكراو لە ماوەی نزیكەی شەش مانگ شەڕوپێكدادان ناوچەكە بە تەواوی وێران بوو، ئەو ماوەیەش كە بە دەستی چەكدارەكانەوە بوو، فەرمانگە حكوومی و بارەگا حیزبی و ماڵی پێشمەرگەو پۆلیس و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان تەقێندرانەوە و بۆمبێكی زۆریش لە ناوچەكە دانران.
پاش ئازادكردنی لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆمبەكان پوچەڵكرانەوە و لە ئێستادا بریارە ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە.
Top