دیپلۆماتێکی ئەمریکی: پێشمەرگە هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی ئەمریکایە

دیپلۆماتێکی ئەمریکی: پێشمەرگە هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی ئەمریکایە
دیپلۆماتێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکاندا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، راوێژ بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەکات.



باڵیۆز نانسی سودەربێرگ، کە دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکایە و سەرۆکی گرووپێکە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک بۆ بونیادنانی دەوڵەتێک بۆ کوردەکان لە عێراق رایگەیاندووە، کە شەڕی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) درێژخایەن دەبـێت و لە سەر ئاستی باڵای ئەمریکا سەلمێندراوە، کە پێویستە هێزی پێشمەرگە چەکی پێبدرێت، چونکە ”هاوبەشێکی بەهێزن لە شەڕی دژی داعش“.



بە گوتەی نانسی سودەربێرگ، کە گۆڤاری گوڵان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامداوە، هێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی ”بێوێنەی“ تۆمارکردووە و هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوە و ئەمەش وایکردووە، ئەمریکا زیاتر پاڵپشتییان بکات.



ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە پێیوایە دەبێ کورد شانازیی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بکات، چونکە کاریگەریی زۆریان لەسەر شەڕەکە هەیە و سەرکەوتووبوون بەسەر ئەو رێکخراوە توندڕەوە.



نانسی سودەربێرگ ئاماژەی بە هەوڵەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی نێودەوڵەتی و خۆئامادەکردن بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و رایگەیاندووە، کە بارزانی پرۆژەی سەربەخۆیی راگەیاندووە و ”من دڵنیام“ بارزانی لەو بارەیەوە، لە نزیکەوە راوێژ بە بەرپرسانی ئەمریکا دەکات.





باسنیوز
Top