باشترە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پێكەوە ئەنجام بدرێن
باسە هەندرێن محەمەدساڵح گوتی: لە چوارچێوەیەكی یاساییدا رێكخراوە كە كۆمسیۆنی كوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەماهەنگ بێت، لە نێوان هەردوو لاماندا یاداشتێكی هاریكاریكردنمان واژوو كردووە، بۆ پێدان و پوختكردنی لایەنی تەكنیكی تۆماری دەنگدەران، هەروەها بۆ یارمەتیدانی كۆمسیۆنی كوردستان بەپێی ئەو شارەزاییەی كە كۆمسیۆنی باڵا لە بەغدا هەیەتی. لە بەرەنجامدا بەشێك لەو كردارانەی كە كۆمسیۆنی كوردستان ئەنجامی دەدات، كۆمسیۆنی باڵاش لەگەڵماندان.
شایانی قسەكانیدا محەمەدساڵح گوتی: ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیە و جیاوازە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوەیە ناوی كاندید و حزبی تێدا نییە، پرسیارێك و دوو وەڵامی تێدایە بە (بەڵێ و نەخێر) زۆر سادەیە لەبەر ئەوە دیزاینكردن و تێچوونی كەم و ئاسانە لەبەر ئەوە هەمیشە پرۆسەی ریفراندۆم كات و خەرجی كەمتری دەوێت لەچاو هەڵبژاردندا.
لە درێژەی قسەكانیدا ساڵح گوتی: كارەكانی ئێمە لە سێ تەوەردا كۆدەبنەوە، تەوەری یەكەم هاندانی خەڵكە و دووەمیان چۆنیەتی دەنگدان و دانانی نییەتی دەنگدەر لەسەر كارتی دەنگدان، تەوەری سێیەمیش گەیشتنی دەنگدەرە بە بنكەی راستی خۆی، ئەمانە ئەركی كۆمسیۆنن كە لەسەر ئەو سێ تەوەرە كارەكانی خۆی رێك بخات.
لە كۆتایی قسەكانیدا هەندرێن گوتی: دەكرێت داوا لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان بكرێت هەردوو راپرسییەكە بكرێتە یەك راپرسی. لەمبارەیەوە چاوەڕێی ئەو فەرمانە دەكەین بە ئێمە بگات، تا بزانین چۆنە، ئەو كات ئێمە رێوشوێنی بۆ دادەنێین تا هەردوو راپرسییەكە لەیەك كاتدا بكرێت، یا ئەوەتا بە جیاواز ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە پێمان باشترە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و راپرسی لەسەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم پێكەوە ئەنجام بدرێن. هەروەها ئێمە كاری جددی دەكەین بۆ ئەوەی نووسینگە لەو ناوچانەش دابنێین، چونكە تا ئێستا نووسینگەمان لەو شوێنانە نییە، دواتر ئەو داتایانەی كە لە كۆمیسۆنی بەغدا هەیە، بە پێی ئەو یاداشتەی هاریكاری نێوانمان پێمان دەدرێن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1056)
