لە وانكێ شكست بە دوو هێرشی داعش هێنرا

لە وانكێ شكست بە دوو هێرشی داعش هێنرا
چه‌كدارانی داعش هەوڵیانداوە بە بەلەمێك لە رووباری دیجلە بپەڕنەوە و هێرش بكەنە سەر پێشمەرگە، بەڵام پلانەكەیان ئاشكرابوو و لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆردوومانكران، دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان لەلایەن پێشمەرگە تێكشكێندران.

عه‌قید جه‌نگۆ نهێلی، جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای 7 ی پێشمەرگە رایگەیاند كە، شەوی رابردوو كاژێر 21:00، له‌ ناحیه‌ی وانكێ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان دوو جموجۆڵی داعشیان بۆردوومانكرد.

سەرەتا چەكدارانی داعش لە گوندی زەرنووكی بناری چیای باشیك، لەو دیوی رووباری دیجلەوە بە دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی هەوڵیانداوە خۆیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك بكەنەوە و بە دۆشكە تەقەیان لێبكەن، بەڵام هەردوو ئۆتۆمبێلەكە تێكشكێندراون.

هاوكات چەكدارانی داعش لە گوندی جەسامەوە ویستوویانە بە بەلەم لە رووباری دیجلە بپەڕنەوە و هێرش بكە سەر پێشمەرگە، بەڵام ئەوانیش لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆردوومانكراون و سەرجەم چەكدارەكان كوژراون.









رووداو
Top