"خه‌ڵك ڕابردووی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسایان لە بیر ناچێته‌وه‌"

لیستی دەوڵەتی یاسا دەیەوێ بە كێشەنانەوە هەڵەكانی ڕابردوویان لەبیر خەڵكی ببەنەوە، بەڵام خەڵكی عێراق لەو ڕاستییە گەیشتوون كه‌ ئه‌وان گه‌وره‌ترین مه‌ترسییان تووشی خه‌ڵكی عێراق كردووه‌.

(ئەردەڵان نووره‌دین) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پەرلەمانتارە شیعانەی دژی كورد دەدوێن، ڕێژەیەكی كەمن و بیركردنەوەیان ناڕاستاڵ (ناتەندروست)ـە، هەموو لایەكیش لەو ڕاستییە گەیشتوون كە تا چ ئاستێك ئەمان دژایەتی كورد دەكەن. مەبەستیشیان لەم لێدوانە توندانەی كە لە دژی كورد دەیدەن تەنها خۆدەرخستن و پەیداكردنی ناوبانگە. ئێستاش دووای پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم پەرلەمانتارە شیعانە هیچیان پێ ناكرێت لە دژی كورد بیكەن و لە كەم ترین ماوەشدا سەرۆك كۆمار واژۆی پرۆژەكە دەكا."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند: "جێگای نیگەرانییە ئەم جۆرە پەرلەمانتارانە واز لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان ناهێنن، پێوەستن بە سیاسەتی حزبەكانیانەوە و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە فشار لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا كەم بكەنەوە، تا شكستەکەیان لەبیر گەلی عێراق ببەنەوە."
(ئەردەڵان نووره‌دین) ئاماژەیشی دا: "(نووری مالیكی) سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسایە، هەركاتێكیش سەرۆك بریار لەسەر بابەتێك دەدات یان داوا لە ئەندامەكانی دەكات سیاسەتێك پێرەو بكەن دەیكەن. لیستی دەوڵەتی یاسا دەیەوێت بە كێشە نانەوە ڕابردوو هەڵەكانیان لەبیر خەڵكی ببەنەوە. بەڵام خەڵكی عێراق لەو ڕاستیە گەیشتوون كە لەماوەی 8ساڵی دەوڵەتداری لیستی دەوڵەتی یاسا عێراق هەر نەوەك پیشنەكەوتووە، بەڵكو زۆریش گەراوەتەوە دواوە و گەورەترین زیانیان بە عێراق گەیاندووە."

ئاشكراشی كرد: "لیستی دەوڵەتی یاسا دەیانەوێت شكست بە حزبی دەعوە بێنن و فشار و قەیرانی بۆ دروست بكەن، بەڵام لەویشدا سەر نەكەوتن و برادەرانی حزبی دەعوە زۆر هۆشیارانە تر مامەڵە دەكەن. وەك چون لە پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجەشدا یارمەتیی كوردیان دا و نەیانهێشت كوتلەكەی مالیكی سەر كەوێت."
Top