تاڵەبانی: کێشەی بەرێوهبەری پۆلیسی کەرکووک یەکلایی نەکراوەتەوە
(رێبوار تاڵەبانی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتى: "کێشەی بەرێوهبەری پۆلیسی کەرکووک تاوەکو ئێستا وەکو خۆی ماوەتەوە وگفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە پارێزگار سەردانی بەغدای کردبوو و یەکێک لەپرسەکان کێشەی بەرێوهبەری پۆلیس بووە کە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرسە یەکلایی نەکراوەتەوە.
(تاڵەبانی) گوتیشی: "ئەوپرسە پێویستە بە ھەماھەنگی لەنێوان بەغدا و کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئێمە بڕیاری تاکرەوانە لەلایەن بەغداوە قبوڵ ناکەین و ئەگەر ھەر گۆرانکاریەکیش بکرێت، پێویستە لەلایەن پارێزگار کاندیدێك پێشنیاز بکرێت و لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش پەسەند بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ کاندیدێک بەدەست ئەوان نەگەیشتووە و رێککەوتن لەمبارەیەوە نەکراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە كه دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە لیوا (جەمال تاھیر) لەپۆستی بەرێوهبەری پۆلیسی کەرکووک لادراوە و عەمید (خەتاب عومەر) لەشوێنی ئەو دەست بەکاربووە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو دەنگۆیە رەت دەکاتەوە.
