ئۆجەلان: پەکەکە هەڵەی کرد ئیدی هیچ بەمن ناکرێت

 ئۆجەلان: پەکەکە هەڵەی کرد ئیدی هیچ بەمن ناکرێت
رۆژنامەیەکی تورکی لە زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بڵاویکردووەتەوە کە شەڕی ئێستای پەکەکە لەنێو شارەکاندا " هەڵەیە و گەل پشتگیری لێناکات، بەڵام لەم کاتەدا هیچ شتێک لە دەستی من نییە".

رۆژنامەی تەرەف-ی تورکی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە زاری بەرپرسانی دەوڵەت رایگەیاندووە " عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەسەر شەڕی ئەم دواییەی نێوان پەکەکە و وڵاتی تورکیا رەخنەی هەم لە پەکەکە گرتووە هەم لە دەوڵەتی تورکیا".

بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە، ئۆجەلان وەڵامی داواکاری بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری داوەتەوە و گوتوویەتی " من ناتوانم هیچ بکەم، چونکە پەکەکە هەڵە خوێندنەوەی بۆ رەوشەکە کردووە و بووەتە دارەدەستی هێزی نێودەوڵەتی. بە هەڵکەندنی خەندەق ژیانی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە، گەل ئەمەی بینیوە بۆیە پشتگیری لە پەکەکە ناکەن و، هیچ شەڕێکیش بەبێ پشتگیری گەل سەرناکەوێت".

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 6ی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، رێگەی پێنەدراوە ئەندامانی خێزانەکەی و شاندی ئیمرالی هەدەپە ببینێت.

ماوەی سێ مانگە شەڕێکی سەخت لە هەندێک شار و ناوچەی باکووری کوردستان هەیە، شەڕڤانانی YDG کە دەگوترێت سەر بە پەکەکەن لەنێو شارەکاندا خەندەقیان هەڵکۆڵیوە و لە دژی هێزی تورکیا شەڕدەکەن.

بەهۆی ئەم شەڕە سێ مانگییەوە هەتاوەکو ئێستا هەزاران هاونیشتمانی لە باکووری کوردستان ناچاربوونە ماڵی خۆیان جێبهێڵن، بە دەیان کەس کوژراون و سەدانیش بریندار بوونە.






رووداو
Top