هەرێمی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی بەشدارییەكی ڕاستگۆیانەیان لە درووستكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیادا هەبووە

هەرێمی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی بەشدارییەكی ڕاستگۆیانەیان لە درووستكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیادا هەبووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر دۆگۆ ئەرگیل شارەزا لە كاروباری توركیا گوتى: بژاردەی یەكەم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داعشدا بریتییە لە ڕازیكردنی ئەوانەی لایەنگری داعشن، تا وایان لێبكرێت كە تێبگەن پێویست نییە لەو گرووپە سیاسییە ئایینییەدا بن، بەڵام بانگەشەی داعش جیهانییە بۆ هەموو ئەو موسڵمانانەی باوەڕیان وایە كە تێكشكێندراون و سووك كراون و، هەستدەكەن لەلایەن ڕۆژئاوا و شارستانیەتی ڕۆژئاواوە دەوریان گیراوە، بۆیە داعش بانگەشەی ئەوە دەكات كە نوێنەرایەتی ئەو موسڵمانانە دەكات كە چەوسێندراوەتەوە و ڕێگەیان لێگیراوە گەشە بكەن لەلایەن ڕۆژئاواوە، كەواتە بانگەشەكەیان تەنیا بۆ موسڵمانان نییە، بەڵكو بۆ ئایینی ئیسلامیشە، هەرلەبەر ئەمەشە لاوانی موسڵمان بەتایبەتی بە داعشەوە دەلكێن، یان دەبنە ئەندام، یان لایەنگری داعش لە بەر ئەوەی هەستدەكەن وەك موسڵمان لەلایەن ڕۆژئاواوە تێكشكێندراون، كەواتە ئێستا چی بكەن؟ یان ئەوەتا دەبێت لەگەڵ ڕۆژئاوا و شارستانیەتی ڕۆژئاوادا كێبڕكێ بكەن لە ڕێی زانست و تەكنەلۆژیا و یاسا و ڕێكخراوی سیاسی و .. تاد، كە لەمەیاندا دەزانن ناتوانن لەگەڵ ڕۆژئاوادا كێبڕكێ بكەن، بۆیە تێكشكاندنی ڕۆژئاوا و شارستانیەتی ڕۆژئاوا هەڵدەبژێرن و بانگەشە دەكەن بۆ هەموو موسڵمانان كە پێویستە پێوەندی بكەن بەو وێرانكردنەوە، بۆیە ئەمە شەڕی نێوان شارستانیەتەكانە، كەواتە بژاردەی تێكشكانی داعش، لەجیاتی دوورخستنەوەی خەڵك كە دەبنە ئەندامی داعش، وەك تەنیا بژاردە هەڵبژێردراوە.

پڕۆفیسۆر دۆگۆ ئەرگیل هەروەها گوتی: سەبارەت بە توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی داعشدایە، داعش بانگەشەی ئەو ناوچەیە دەكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمی دەكات، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت لە داعش بپارێزرێت، سەبارەت بە توركیاش، هەرچەندە لەلایەن حكومەتێكی ئیسلامی میانڕەوەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام وەك (دار الحرب) سەیردەكرێت لەلایەن داعشەوە، بۆیە توركیا بەشی لاوەكییە و بەداخەوە داعش شانەی نووستوی لە توركیادا هەیە لەبەرئەوەی تا ئێستا وەك ئایینێك كە جیاوازییان هەیە سەیركراوە، كە هەمان پەیامی هەیە بۆ هەموو موسڵمانان، بەڵام داعش ئەوەی سەلماندووە كە ئەمە ڕاست نییە لەبەر ئەوەی ڕاڤەی توندڕەوانەی ئیسلام، ئیسلامی بە سیاسی كردووە و درزێكی لەناو موسڵماناندا درووست كردووە، بەم واتایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا دەبێت بە توندی بوەستنەوە و هاوپەیمان بن لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام داعش تەنیا ڕێكخراوێكی پارامیلیتاری و سیاسی نییە، بەڵكو ئایدیۆلۆژیایەكە كە ڕۆژئاوا و هەرشتێك كە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەبێت، لە ناویشیاندا حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، وەك دوژمن سەیردەكات و پێیوایە دەبێت لەناوببرێن. ئەم توندڕەوییەش ناتواندرێت تەنیا بە شێوەی سەربازی تێكبشكێندرێت.
شايانى باسه دۆگۆ ئەرگیل هەروەها گوتی: پێویستمان بە ڕاستگۆیی و سیاسەتێكی ئاشكرایە بۆ شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریزمدا، جا چ پێوەندی هەبێت بە ئایینی ئیسلامەوە، یان نا، بۆیە ئەوانەی ئێستا دەردەكەوێت دژی داعشن، لەبەر ئەوەی دژی حكومەتەكانیانە، وا نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر پاڵپشتی ئیسلامییە توندڕەوەكانیان كردووە كە لە بەرژەوەندی خۆیان بووە، بەڵام ئێستا ڕێكخراوێكی توندڕەوی ئیسلامی كە لە دژیان كار دەكات، وەك دوژمنیان ڕادەگەیەنن، پێویستە لەمەدا مەبدەئی بن. دەبێت واز لەو بیرۆكەیە بێنن كە دەڵێت: تیرۆریستی تۆ وەكیلی منە و تیرۆریستی من مەترسیدارە بۆ من، ئەمە شێوازێكی باش نییە، بۆیە ئەمڕۆ حكومەتی سعودیە دژی داعشە، بەڵام پێشتر پاڵپشتی میلیشیا ئیسلامییەكانی تری كردووە، بۆیە دەبێت ڕاستگۆبین لەمەدا، ئەگەر تیرۆریزم وەك هەڕەشەیەك بۆ مرۆڤایەتی دەبینی، ئیتر گرنگ نییە چ ناوێك، یان چ ئایینێكیان هەیە، دەبێت ڕەتبكرێنەوە. بەدڵنیاییەوە حكومەتی سعودیە، رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەیان بەرزنرخاندووە لەبەر ئەوەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن، ئەگەر سعودیە ڕاستگۆیە لەمەدا، ئەوا هەروەك یەمەن پێویستە یارمەتی سەربازی بنێرێت، بۆ شەڕ لە دژی داعش.

لە درێژەی قسەكانیدا ئەرگیل هەروەها گوتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكەكەی مەسعود بارزانی بەشدارییەكی ڕاستگۆیانەیان هەبووە لە دروستكردنی پرۆسەی ئاشتیدا لە توركیا بە پیشاندانی ئەو كوردانەی كە پاڵپشتی تیرۆریزم ناكەن، وەك ڕێگایەك بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی سیاسی، لەم ڕووەوە بەڕێز بارزانی خۆی چارەسەری داوە بە كوردانی توركیا كە چارەسەرێكی ئاشتییانەیان دەوێت، كە دەیانەوێت لە ناو سیستەمی توركیادا بن و ببنە هاونیشتمانی مەدەنی و یەكسان.

ئەرگیل لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: كێ دژی بوونی سەربازانی توركیایە لە عێراق؟ ئەوە بەغدایە، نەك هەولێر، بەڵام لەودیو بەغداوە تاران هەیە، ئەمە لایەنێكە، هەروەها رووسیاش هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە بەغدا بەو شێوە توندە كاری كرد لە بەر ئەوەی ئەو دوو هێزە نایانەوێت توركیا لە عێراقدا بێت. بەڵام هێزێكی زۆر هەیە كە سەروەری عێراقی پێشێلكردووە، كەواتە بۆ ئەوەندە دژی داعش نین و ئەوەندە دژی توركیان، بەتەواوی ئەمە دژ بەیەكە. توركیا لەوێیە بۆ دابینكردنی ئەمنییەت بۆ ڕاهێنەرانی. ئەگەر مووسڵ ڕزگار بكرێت، بەدڵنیاییەوە توركیا سەروەری پێشێل ناكات، بەڵام بە یارمەتی هێزە عێراقییەكان، شیعە و سوننە و كورد و عەرەب و ...تاد، بۆ گرتنەوەی ئەوەی كە لەدەستیان داوە، وەك دەبینین تائێستا داعش لەوێیە و دەسەڵاتی بەغدا ئەوەندە نییە بتوانێت خۆی لە داعش ڕزگاربكات، كەچی دژی توركیا ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەمەش كاردانەوەیەكی واقیعی نییە و ئەم كاردانەوەیە لەلایەن تاران و رووسیاوە پاڵپشتیكراوە و لەبەرئەمەشە بەشێوەیەكی ناعاقڵانە كار دەكەن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1055)
Top