ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌ینراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌ینراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
ئه‌مڕۆ 20/12/2015 به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئه‌نجامدا و راگه‌ینراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بە سەرپەرشتیی سەرۆک (مه‌سعوود بارزانی) کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ 20/12/2015 ئەنجام درا و، بەرنامەی کۆبوونەوەکە شه‌ش ته‌وه‌ری گرته‌ خۆ و، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

تەوەری یەکەم: سەردانی سەرۆک بۆ هەردوو وڵاتی سعوودیاو تورکیا، کە لەم بارودۆخەدا هێماو واتای گرنگی هەبوو و بەسەردانی سەرکەوتوو لە قەڵەمدران لە پرۆسەی سیاسی و دیبلۆماسی ناوخۆ و دەرەوەدا. بەردەوامبوونی سیاسەتی سەرۆکی هەرێم بۆ راگرتن و تەوازنی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەیوەندار بە کێشەکانی ناوچەکە بەتایبەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراق و ناوچەکە پێدا تێدەپەڕێ زۆر گرنگەو کۆبوونەوە پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.

تەوەری دووەم: بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی چەند لایەنەی سووریاو ئیرهاب و ئاڵۆزیەکانی کە لە ئاکامی چەند لایەنەبوونی و بەرژەوەندی جیاوازدا دەرهاوێشتەی جیاجیای هەیە. هەروەها بارودۆخی عێراق و نەبوونی ئاسۆیەکی روون لە چۆنیەتی چارەسەرییەکان یاخود تێروانینی جیاواز بۆ دربازبوون لەو قەیرانانە، وای کردووە دووبارە تەواوی پێکهاتەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەخۆداچوونەوەی جیددی بکەن و خوێندنەوەی نوێ و گونجاو بۆ رووداو و پێشهاتەکان بکرێت کە لەگەڵ قەبارەو کاریگەری کۆی رووداوەکانی ناوخۆیی و دەوروبەردا بێتەوە، بەتایبەتی سەرلەنوێ پێداچونەوەی شێوازی حوکمڕانی عێراق کە تیایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی پارێزراوبێت و شەراکەتی راستەقینەی کوردستان لە رووی سیاسی و ئیداری و لەشکری و دارایی مسۆگەر بێت، بۆ راستەڕێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانی و مرۆڤایەتیەو، کۆکردنەوەو رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان و عێراق و گرتنەبەری رەوتێکی دروست و تەندروست کە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێم دەتوانن رۆڵی گرینگ تێدا ببینن کە لە ئاست روداو و ئەگەرەکاندا بێت.

تەوەری سێ یەم: بارودۆخی ناوخۆی کوردستان پێویستی بەچاککردن و چارەسەری کێشەکان هەیە کە بەشێکی زۆری لە ئاکامی خوێندنەوەی هەڵەو ناواقیعی و نالۆژیکی هەندێک لایەن هاتونەتە دی، سەرەڕای ئەوەش پارتیمان لە روانگەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە پرسە گرنگەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی و ژیان و نیگەران نەکردن و خۆڕاگری خەڵکى کوردستان و پشتگیری لە هێزی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ناوخۆ کە لە سەنگەرەکانی بەرگری و پاراستنی کوردستان لە تیرۆریستە دڕندەکانی داعش بەرخودان دەکەن، لەگەڵ چارەسەری کێشەکانە بە دیالۆگ و هەروەکو پێشتریش ئەو رێگایەی بە تاکە رێگای سەردەم و گونجاو زانیوەو دەزانێ بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەو گرفتەکانی نێوخۆیی.

تەوەری چوارەم: هەرێمی کوردستان لە ئاکامی رەفتاری نادروستی حوکمرانانی بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت تووشی قەیرانی دارایی بۆتەوە، هەرچەندە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە سەربەخۆیی ئابوری بەباشی زاندرا و پشتگیری کرا، بەڵام بە پێویستی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستانی دەزانین چاکسازی هەمە لایەنە لە زۆر بواردا بکرێت تا بژێوی ژیانی خەڵکی دڵسۆزو خۆڕاگری کوردستان باشترو رێکخستووتر بێت و، پەرەپێدان و بوژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو چەندین کەرتی دیکەش گرنگی تەواویان پێ بدرێت و، کۆبوونەوە پشتگیری تەواوی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی ئابوری و چاکسازی دەکات.

تەوەری پێنجەم: کۆبوونەوە گفتوگۆی لە بارەی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەو تەواوی هێزەکانی دیکەی ناوخۆی کوردستان کردو رۆڵی قارەمانانەو نیشتمانپەروەرانەیان بەرز نرخاندو رۆڵی ئازایانەی ئەوان بۆتە جێگەی سەرنجی تەواوی جیهانیان و بوونەتە سمبوولی ئازایەتی و خۆڕاگری لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و تێکشکاندنیان و پاککردنەوەی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان کە داگیریان کردبوو بە شەنگالیشەوە کە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک و مەردایەتی فەرماندە و پێشمەرگەکان و کوردانی ئێزیدی گەورەترین زیانیان لە داعش دا و زۆربەی شارو شارۆچکەکان ئازاد کرانەوە.

تەوەری شەشەم: باری رێکخستن و هەڵوێست و بەشداری ئەندام و کادیرو بەرپرسان و جەماوەری پارتیمان لە شەڕی دژی داعش و داگیرکارییەکان کە دژی هەموو بەهاو نرخێکی مرۆڤایەتین، بەرزو نیشتمانپەروەرانە بووە، هەروەکو خۆڕاگری و تێگەیشتنیان بۆ باری دارایی هەرێم بەگشتی و پارتیمان بەتایبەتی جێگای تەقدیرە. ئەمانەو وادەی کۆنگرەی 14 و دواکەوتنی لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی، گفتوگۆی لەبارەوە کراو بە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی، بەپێویستیش زانرا بۆ ئەم مەبەستە و چەندین بابەتی تری نێوخۆیی و حزبی لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی تایبەت لە بارەیانەوە ئەنجام بدرێت.

کۆبوونەوە وێڕای ناردنی دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان، سڵاوی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرێ لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەمان.

بژی کورد بژی کوردستان

ئەنجومەنی سەرکردایەتی
پارتیی دیموکراتی کوردستان
20/12/2015
Top