چارەنووسی ئەو خوێندكارانەی ناویان لەهیچ شوێنێك نەگەڕاوەتەوە ئاشكراكرا
هەرێمی كوردستان چارەنووسی ئەو خوێندكارانە ئاشكرادەكات كە تاوەكو ئێستا ناویان لە هیچ زانكۆ و پەیمانگایەك نەهاتووەتەوە.
عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رايگەیاند " دوای پێداچوونەوە بە تانەو ناڕەزایی خوێندكاران، بە رەچاوكردنی كۆنمرەكانیان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016)، خوێندكارانی دوانزەی ئامادەیی سبەی ئێوارە (2012-2015) دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی زانكۆ لاین بكەن بۆ دۆزینەوەی شوێنەكانیان".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی" هەموو ئەو خوێندكارانەی كۆنمرەیان بۆ بەشی زانستی دەگاتە 441 و بۆ بەشی وێژەیی دەگاتە 441.17 و سەرووتر كە پێشتر بەهۆی هەڵەو كەمی هەڵبژاردن لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆلاین ناویان لەهیچ شوێنێك نەهاتبووەوە، ئەوا دوای پێداچوونەوە بە تانەو ناڕەزایی ئەو خوێندكارانە، تواندرا بەڕەچاوكردنی كۆنمرەكانیان لە كۆلێژ و پەیمانگەكان دابەش بكرێن و سەرجەمیان وەربگیرێن".
عەباس ئەكرەم راشیگەیاند" خوێندكاران لەڕێگەی ماڵپەڕی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناو و كۆدەكانیان كە پێشتر فۆرمی زانكۆلاینیان پێ بپڕكردبووەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون".
بەپێی قسەی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستی، لە حاڵەتی بوونی ناڕەزایی لەلایەن خوێندكارانەوە سەبارەت بەو شوێنانەی لێی وەرگیراون، ئەوا دەتوانن سەردانی ئەو بەش و كۆلێژ و پەیمانگەیانە بكەن كە لێی وەرگیراون بۆئەوەی پێداچوونەوە بە داواكارییەكەیان بكرێت.
رووداو
