ئەمڕۆ چەندین مەراسیم بە بۆنەی رۆژی ئاڵاوە بەڕێوە دەچن
ئەمڕۆ 17ـی كانوونی یەكەم، رۆژی ئاڵای كوردستانە و بەو بۆنەیەیشەوە چەندین مەراسیم لە سەرجەم دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێم و كوردستانیشدا بەڕێوە دەچن.
ئاڵای كوردستان كە لە تەواوی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان هەڵكراوە، لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی كورد لە ئێران و پاشانیش راگەیاندن و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە رۆژی 22/1/1946 كە شاری مەهاباد پایتەختی بوو، ئاڵای سەربەخۆیی كوردستان هەڵكرا.
جێی بیرهێنانەوەیە، پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009ـدا رۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی 1946ـی وەك رۆژی ئاڵا ناساند و بڕیاری دا هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا جگە لە سازدانی مەراسیم، سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەستگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە.
واتا و هێمای رەنگەكانی ئاڵای كوردستان:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێنڕژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەكسانی.
رەنگی زەرد: رووناكی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.
