کۆمپانیایەکی ئەمریکی 1200 مێگاوات کارەبا بۆ کوردستان دەهێنێت
رۆژی دووشەممە 14-12-2015 سەڵاحەدین بابەكر، وەزیری كارەبا پێشوازی لە بەرپرسی كۆمپانیای ئەندازیاری( سیڕا) كرد كە لە گرووپی گەورە كۆمپانیاكانی ژەنەراڵ ئەلەیكتریكی ئەمریكییە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی وەزارەتی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان خستەڕوو كە تایبەت بووە بەهێنانی تۆرباین و ئامێری ئامادە بۆ دانانی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەتوانای 1200 مێگاوات كارەبا.
سەبارەت بەتێچوونی پرۆژەكەش بەرپرسی كۆمپانیای سیڕا باسی لەوەكردووە کە" كۆمپانیاكەیان ئامادەیە تێچوونی وێستگەكە بەشێوەی قەرز لەحكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە."
لە کۆبوونەوەکەدا سەڵاحەدین بابەکر، وەزیری کارەبا باسی لە هاتنی کۆمپانیاکە کردووە و رایگەیاند کە " گوێگرتن لە پرۆژەكەو وردەكاریی تەكنیكی و هونەری وێستگەكە، ئەوەی خستەڕوو كە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لەم كاتەداكە بەكارهێنانی كارەبا گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، پێویستە".
وەزیری کارەبا راشیگەیاند " ئەم پرۆژەیە بەستراوەتەوە بەچارەسەركردنی دوو ئاستەنگ كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبایە ئەویش دابینكردنی پارە و سووتەمەنی پێویستە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكە، هەربۆیە پێویستە ئەو داواكارییەی كۆمپانیاكە لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوەو گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت."
وێستگەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات كارەبایان هەیە كە 43%ی بۆ پارێزگای هەولێرە، 33% بۆ پارێزگای سلێمانی و 24%یش بۆ پارێزگای دهۆكە، بەڵام بەشێكی زۆر لەو كارەبایە بە فیڕۆ دەچێت و رێژەی بە فیڕۆچوون دەگاتە 32%.
