لە سوریا چوار پاسداری ئێرانی بە مووشەکی رووسیا کوژران
میدیا ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان بڵاویانکردووەتەوە، کە ئەو چوار پاسدارە ئێرانییە سەر بە کەتیبەی حەسەن ئەلموجتەبی بوون و ”بە هەڵە“ بە مووشەکی رووسیا کوژراون.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە حکوومەتی رووسیا ”زانیاریی هەڵە“ی لە رژێمی سوریا پێگەیشتووە و بەهەڵە ئەو پاسارە ئێرانییانەی بۆردوومانکردووە.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردووەوە، سوپای رووسیا رایگەیاندووە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بارەگاکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سوریا بۆردوومان دەکەن و ئۆپۆزیسیۆنی سوریاش پێیوایە، رووسیا تەنها بارەگاکانی نەیارانی بەشار ئەسەد بۆردوومان دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، کە رۆژی یەکشەممە 13ـی کانوونی یەکەم 2015 رۆژنامەی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان ئێران و رووسیا لە سوریا و بەم هۆیەشەوە، ئێران هێزێکی تایبەتی خۆی لە شەڕەکانی سوریا کشاندووەتەوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هاوشانی سوپای رژێمی سوریا شەڕ دەکەن.
باسنیوز
