دانانی ئاڵای كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی بۆ پێشوازیی سەرۆك بارزانی لەلایەن حكومەتی توركیاوە بەرەوپێشەوەچوونێكە مەزندە ناكرێت
دیندار نەجمان دۆسكى هەروەها گوتی: ، ئێستا ئەو دەوڵەتانە نوێنەرایەتی دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی دەكەن، بۆیە لەوانەیە بیر لە ئایندەی خۆشیان لەم ناوچەیە بكەنەوە و هەموو شتێك لەبەرچاو بگرن، چاودێری ئەوە بكەن ئەم بارودۆخە لە ئایندە بەرەو كوی دەچێت. ئایا سووریا و عێراق دابەش دەبن، یان دابەش نابن؟ بۆیە لەناو ئەم كێشمەكێشەدا دوو میحوەری سەرەكی درووست بووە، میحوەرێكی شیعەیە كە ئێران و عێراق و سووریا و باشووری لوبنان دەگرێتەوە، تەنانەت دەوڵەتانی سوننەی ناوچەكە سەبارەت بەم میحوەرە مەترسی درووستبوونی هیلالی شیعیشیان هەیە، بەتایبەتی هەردوو دەوڵەتی توركیا و سعودیە، كە ئەوانیش خۆیان بە نوێنەرانی دەوڵەتانی عەرەبی و سوننە دەزانن، بۆیە لەنێوان ئەم دوو میحوەرە پێویستە كورد زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكات و نەبینە قوربانی نێوان ئەو كێشە مێژووییانەی لە نێوان ئەم دەوڵەتانە بوونیان هەبووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ میژوو، كێشە و ململانێی نێوان دەوڵەتی عوسمان و سەفەوی زۆر توند بووە، ئێستا بە شێوەیەكی دیكە ئەم كێشە و ململانێیە هەر بوونی هەیە، بۆیە گرنگە ئێمە بزانین چۆن سوود لەم دەرفەتە وەردەگرین و چۆن هەنگاو هەڵدەگرین بۆ درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان بەتایبەتی لە باشووری كوردستاندا كە ئێستا زەمینەكە لەبارە.
شايانى باسه نەجمان دۆسكى هەروەها گوتی: ئەگەر لە روانگەی ئەم بارودۆخە هەڵسەنگاندن بۆ سەردانی سەرۆك بكەین بۆ سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو، ئەوا دەبێت ئاماژە بەوە بكەم هێزە سیاسیەكانی كوردستان هەر لە خەباتی پارتیزانییەوە تا ئێستاش نەیانتوانیوە پرسی كورد و مافی كورد وەك خۆی لە جیهانی عەرەبی چ لەسەر حكومەتەكان، یان لەسەر ئاستی میللی تێبگەیەنن، ئەوجا ئەمەیان خەتای خۆمانە نەمانزانیوە، یان فیكری شۆڤینی عەرەبی رێگربووە، ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە، بۆیە لەم روانگەیەوە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی وڵاتانی عەرەبی، من تەنیا ناڵێم سعودیە، یان دەوڵەتانی كەنداو، بەڵكو مەبەستم میسر و ئوردن و وڵاتانی دیكەشە، خزمەتێكی گەورەی كێشەی كورد دەكات، لەبەر ئەوەی كێشەی ئێمە لە باشووری كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراقە، ئێمە كێشەمان لەگەڵ عەرەب نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پرسە وەك خۆی نەگەیەندراوە، لەوانەیە خەڵكی نەشارەزا وابزانن ئەمە كێشەی نێوان كورد و عەرەبە، ئەمە لەكاتێكدا ئێمە بە درێژایی مێژوو كێشەمان لەگەڵ حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق هەبووە، بەڵام عەرەبی عێراق وەك نەتەوە بە برا و دراوسێی خۆمانمان زانیوە.
لە درێژەی قسەكانیدا دۆسكى هەروەها گوتی: سەردانی جەنابی سەرۆك بە فەرمی بۆ شانشینی عەرەبستانی سعودی كە ئەمە دووهەمین جارە سەردانی سعودیە دەكات، هەروەها سەردانەكانی بۆ دەوڵەتانی دیكەی كەنداو خزمەتێكی گەورەی پێوەندییەكانی نێوان كورد و عەرەب دەكات، بەتایبەتی سعودیە كە ئێستا سەكردایەتی جیهانی عەرەبی دەكات. بەتایبەتیش كە وەك بینیمان لە سعودیە بە ئاستی باڵای سەرۆكی دەوڵەت و لەوانەیە زیاتر لە سەرۆكی دەوڵەتیش پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا، ئەمە مانای ئەوەیە ئەوانیش ئەو قەناعەتەیان لادرووست بووە، كە رۆڵی كورد و هەرێمی كوردستان لەو كێشانەی لەم ناوچەیە درووستبوون، چەند گرنگە. ئەم هەقیقەتە بۆ جیهانیش ئاشكرابووە، بەتایبەتی دوای سەركەوتنەكانی هێزیی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر داعشدا، ئێستا كورد لەسەر ئاستی جیهان بۆتە پرسێك و لەسەر ئاستی حكومەتەكان و رای گشتیش داوا دەكرێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكرێت، بۆیە لەوانەیە من لە خەڵكی دیكە زیاتر ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانیم بۆ دەوڵەتانی كەنداو سعودیە لا گرنگتر بێت، لەبەر ئەوەی كێشەی ئێمە لە كوردستانی باشوور لەگەڵ دەوڵەتێكی عەرەبییە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە عێراق جیاببینەوە و سەربەخۆ بین، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە كێشەمان لەگەڵ بەشێكی عەرەبییە، بەڵام ئەگەر پێوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی باش بێت و ئەوان تێبگەن ئێمە بۆ ئەوان چەند گرنگین، لەوانەیە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان قبووڵ بكەن، نەك دژایەتی بكەن و رەتی بكەنەوە. بەتایبەتیش لەسەر ئاستی دەوڵەتانی كەنداو بەگشتی و سعودیە بەتایبەتی كە كاریگەری گەورەیان لەسەر ئاستی هەرێمی و نیودەوڵەتی لەسەر پرسە سیاسییەكان هەیە.
دیندار دۆسكى لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئەم پێشوازییە گەرمەی لە جەنابی سەرۆك كراوە ئەوە بە دڵنیایی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە دیدی سعودیە بۆ دۆزی كورد بەگشتی گۆڕانێكی گەورەی بەخۆوە دیوە، سعودیە دەبینێ تەنیا لایەنێك لە ناوچەكەدا داڵدەی عەرەبی سوننە و عەرەبی دابێت، سەرۆك مسعود بارزانی خۆیەتی، هەرێمی كوردستان ئەم هەموو رەوت و ریزە عەرەبە سوننەیەی لە مەرگەساتی لەناوچوون پاراستووە، سعودیە لەوە تێگەیشتووە كە لە ناو ئەم قەیرانە گەورانەی نێوان سوننە و شیعەدا كورد جەمسەرێكی سەرەكییە بۆ چارەسەر، بەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆك بارزانی رادیارە كە سعودیە دیدی خۆی لە رووی ستراتیژییەوە گۆڕیوە. بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین بەرژەوەندیمان لە كوێدایە، واتە گرنگە لایەنە سیاسیەكان لە هەرێمی كوردستان لەم رووەوە یەك دید و بۆچوونی سیاسیان هەبێت و ئەمە نەبێتە گوزارشتێكی سیاسی. مەبەستم ئەوەیە من نامەوێت ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆك، خوێندنەوەیەكی حزبییانەی بۆ بكرێت. راستە ئێستا كێشەی سەرۆكایەتی هەیە، بەڵام لە واقیعدا ئێستا جەنابی كاك مسعود سەرۆكی هەرێمە و وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، نەك تەنیا وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێت ئەمە لە خزمەتی میللەتی كوردا بێت و دەبێت هێزە سیاسیەكان یەك بیروبۆچوونیان هەبێت، راستە ناكۆكی هەیە لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا لە سەر هەندێ كێشە، بەڵام لە هەندێ مەسەلەدا كە پەیوەستن بە ئایندە و كێشە و كیانی كورد، ئەوا پێویستە هێزە سیاسییەكان لە یەك نزیك بن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1054)
