"پێشمه‌رگه‌ تاكه‌ هێزه‌"

له ‌میانی چاوپێكه‌وتنێكی ڕادیۆییدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم، باشترین ڕۆژنامه‌نووسی ساڵ له‌ پۆڵۆنیا ڕایگه‌یاند كه‌ پێشمه‌رگه‌ تاكه‌هێزی وشكانیه‌ له‌ شەڕی داعشدا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆمار كردبێ.

زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، میوانی پەخشێکی ڕادیۆیی بە ناونیشانی "ڕاپۆرت لەبارەی دۆخی جیهان" بوو، کە لە لایەن ڕۆژنامەنوس داریوش ڕۆشاك Dariusz Rosiak پێشکەش دەکرێت لە پڕۆگرامی 3ی ڕادیۆی پۆڵۆنیا.

سەرەتای گفتوگۆکە بە پیرۆزباییکردنی زیاد ڕەئووف لە ڕۆژنامەنوس داریوش ڕۆشاك دەستی پێکرد، کە بە هۆی پەخشی "ڕاپۆرت لە کوردستانەوە" خەڵاتی پرێستیژی وەرگرت لە لایەن ئاژانستی ڕاگەیاندنی پۆڵۆنیاوە.

داریوش ڕۆشاك لە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری حکوومەتدا، زۆرتر جەختی کردەوە سەر بیرهێنانەوەی بیسەران بۆ گرنگترین ئەو ڕووداوانەی، کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دیاری دەکەن. بۆ جارێکی تر تێبینی کرد، کە پێشمەرگە تاکە هێزی وشکانییە، هەموو ڕۆژ لە دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگێت و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆماركردبێ، داوایشی لە زیاد ڕەئوف کرد بارودۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ بخاتە ڕوو.

زیاد ڕەئوف ڕۆشنای خسته‌ سه‌ر ئەوەی کە پێشمەرگە بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە دژی تیرۆریستان لە جەنگدایە، لە جیاتی جیهان و ئەوڕوپا تێدەکۆشن. حاڵی حازر بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەوپێشەوە دەجووڵێن. تێبینی کردە سەر ئازادکردنەوەی شارۆچکەی شنگال. ئاماژەی دا کە ئازادکردنەوەی شارۆچکەکە تەنها بڕینی ڕێگەی نێوان مووسڵ و ڕەقە نیە. ئەگەر بە یارمەتی هاوکاری نێودەوڵەتی ئەو شارۆچکەیە ئاوەدان بکرێتەوە، ئەوا دەیان‌هەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی پەیوەست بە ئاوارەکان لە ناوچەکە.

هەروەها داریوش ڕۆشاك پرسیاری کرد، ئایا دەسەڵاتی کوردی ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەی کە وەری دەگرێت بەشی ئەوە دەکات پێداویستییەکانی ئاوارەکانی پێ دابین بکات کە ژمارەیان 1.8ملیۆن کەس دەبێت. زیاد ڕەئووف تێبینی کرد، کە ئەو هاوکاریە لە ئاستی پێویستدا نییە. هەروەها گوتی "بە داخەوەم" کە هێشتا جیهان بە پێی پێویست ئاوڕی لە قەیرانی سەختی مرۆیی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان نەداوەتەوە. هەروەها نوێنەری حکومەت سەرەنجی ئەوەیدا، کە ئێستا وڵاتانی ئەوڕوپا دەرگاکانیان بە ڕووی ئاوارەکان دادەخەن، کورد پردی دروست کرد بۆ پەڕاندنەوەی خەڵکی لێقەوماوی سوریا بۆ کوردستان، هەروەها لەو کاتەی کریستیانەکان هەڕەشەیان لەسەر بوو لە ناوچەکانی تری عێراق، سەرۆك(مەسعوود بارزانیی)بانگەوازی کرد و داوای لێ کردن بێنە کووردستان و ئێمە ئاساییشیان بۆ دەستەبەر دەکەین و ژیانیان دەپارێزین.

داریوش ڕۆشاك هەروەها پرسیاری دەربارەی بارودۆخی ڕۆژئاوا کرد. زیاد ڕەئوف ئاماژەی دا کە کورد لەوێش ئازایەتی و پاڵەوانێتی لە دژی تیرۆریستان نیشاندا. داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ ئاوەدان کردنەوەی شاری کۆبانێ، چونکه دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هەزاران ئاوارەی خەڵکی شارەکە و کەم بوونەوەی قەیرانە مرۆییەکە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم گفتوگۆکەی بە داوای هاوکاری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ هێنا.
Top