ریزبەندی زانكۆكانی كوردستان راگەیێندرا
د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە لە هاوینی ساڵی رابردووەوە بیرۆكەكە گەڵاڵەكراوە و سوود و راوێژیش لە چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەرگیراوە.
لە ریزبەندییەكەدا زانكۆ حكومی و ئەهلییەكان جیاكراونەتەوە، لە هەردوولا زانكۆكان بەسەر چوار ئاست دابەشكراون، ئاستی یەكەمیش هیچ زانكۆیەكی حكومی و ئەهلی تێدا نییە، واتە هیچ زانكۆیەك لە كوردستان زۆر باش نییە، لە ئاستەكانی دیكەش هیچ جیاوازییەك لەنێوان یەكەم و دووەمی زانكۆكان نییە، واتە زانكۆكانی هەر گرووپێك هەمان ئاستی یەكدییان هەیە.
زانكۆ حكومییەكان:
گرووپی A: هیچ زانكۆیەك.
گرووپی B: سەڵاحەدین، سۆران، كۆیە، سلێمانی، زاخۆ.
گرووپی C: دهۆك، گەرمیان، رانیە، هەولێری پزیشكی.
گرووپی D: چەرمۆ، هەڵەبجە، پۆڵی تەكنیكی دهۆك، پۆڵی تەكنیكی هەڵەبجە، پۆڵی تەكنیكی سلێمانی.
زانكۆ ئەهلییەكان:
گرووپی A: هیچ زانكۆیەكی تێدا نییە.
گرووپی B: زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، زانكۆی جیهانی سلێمانی، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی.
گرووپی C: زانكۆی جیهانی هەولێر، ئیشق، كۆمار، نەورۆز.
گرووپی D: بەیان، جیهانی دهۆك، حەیات، سابیس، لوبنانی فەرەنسی.
لە ریزبەندییەكەدا ناوی چوار زانكۆ و سەنتەری توێژینەوە نەهاتووە، د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵاش هۆكارەكەی روونكردەوە و گوتی " لەبەرئەوەی ریزبەندییەكە لەسەر ئەساسی خوێندكار و زانكۆكان بووە، نەتوانراوە (دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و عیلمی، لەگەڵ بۆردی كوردستانی بۆ بابەتە پزیشكییەكان) بخرێنە ریزبەندییەكەوە".
هەروەها گوتیشی زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك داوایكردووە بەهۆی ئەوەی زانكۆكە تازە دامەزراوە، نەخرێتە نێو ریزبەندییە و ساڵێكی دیكە دەستپێبكات. بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێكیش روونبكاتەوە، رایگەیاند كە زانكۆی كوردستان لە ریزبەندییەكەدا نییە.
وەزیری خوێندنی باڵا لە گوتارەكەیدا جەختیكردەوە كە جگە لە وڵاتی توركیا، هیچ وڵاتێك ریزبەندی نیشتمانیی بەشێوەیەكی رێكوپێك بۆ زانكۆكان نەكردووە.
رووداو-
