ئه‌مریكا.. شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر زه‌وی، به‌هێزه‌كانی پێشمەرگە ده‌كه‌ین

ئه‌مریكا.. شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر زه‌وی، به‌هێزه‌كانی پێشمەرگە ده‌كه‌ین
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رده‌وامه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ جۆن كیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاری رێكخراوی ئاسایش و هاریكاریكردن له‌ ئه‌وروپا، جه‌ختیكرده‌وه‌، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ ستراتیژییه‌تی ئه‌مریكا دژ به‌ داعش، پشتبه‌ستنه‌ به‌ هاوبه‌شێكی كاریگه‌ر له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌ وشكانییه‌كان كه‌ ئه‌ركی شه‌ڕی داعشیان پێسپێردراوه‌ به‌رده‌وامه‌، وتیشی: "ئێمه‌ پێشڕه‌وی باشمان به‌دیهێناوه‌، له‌مانگی رابردوودا هێزه‌ كوردستانییه‌كان توانییان داعش له‌ شنگال ده‌رپه‌ڕێنن، پاشان هێزه‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كان توانییان ناوچه‌ی ئه‌هوال له‌ سوریا رزگار بكه‌ن، شنگال و ئه‌هوال دوو ناوه‌ندی گرنگ بوون بۆ هاتوچۆكردن و په‌یوه‌ندییه‌كان لای داعش".

له‌باره‌ی پێكهێنانی هێزێكی وشكانی و له‌ناوچه‌كه‌ بۆ پاڵپشتی هێزه‌كانی دیكه‌، وتی: "پێشوازی له‌هه‌ر هه‌وڵێكی جدی ده‌كه‌ین بۆ له‌ناوبردنی داعش له‌ سوریا و عیراق، شه‌ڕه‌كه‌ درێژخایه‌نه‌، هیچ گومانێكیش نییه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان".

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، سه‌رچاوه‌ توركی و سوریه‌كان بۆ رۆژنامه‌ی "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌، پرۆژه‌ی توركیا بۆ درستكردنی "ناوچه‌ی پارێزراو" له‌ سوریا، به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێشڕه‌وی هێزه‌ كوردییه‌كان و رووداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ رووسییه‌كه‌وه‌".












خه‌ندان
Top