مه‌سروور بارزانی بۆ واڵستریتجۆرناڵ: بۆچی كورد ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بێ!
مه‌سروور بارزانی به ئینگلیزییه‌كی ره‌وان قسه‌ی كرد و له‌باره‌ی تێشكاندنی تیرۆریستانی داعش له شنگال گوتی:" كورد ئه‌فسانه‌ی داعشی تێك‌شكاند، هێزی پێشمه‌رگه توانی 7700 میل دووجا له ده‌ستی داعش رزگار بكات. به هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی كورد، هاوشان له‌گه‌ڵ هێرشه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان نزیكه‌ی 20 هه‌زار چه‌كداری داعش له مه‌یدانی جه‌نگ راماڵدران"
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی یارمه‌تیده‌ر، كه به‌و خێراییه ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی شنگال به ئه‌نجام بگات، مه‌سرور بارزانی گوتی:" ، به پلانێكی ژیرانه و ستراتیژیانه‌ی سه‌ربازی و ههواڵگرییهك له ئاستی زۆر باش‌دا توانرا شنگال ئازاد بكرێ."
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به شیكردنه‌وه سه‌ربازییه‌كاندا، كه پێشبینی درێژه‌كێشانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان بۆ چه‌ند رۆژێك و شه‌ڕی خانوو به خانوو ده‌كرد و گوتی: به‌ڵام ئه‌وه رووی نه‌دا، به‌ڵكو ته‌واوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به 48 كاتژمێر ته‌واو بوو." پێشمه‌رگه به جۆش و پاڵنه‌ری به‌رگریكردن له خاك و خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌جه‌نگن. واته به هه‌مان ئه‌و رووحیهتهی، كه پێشتر به‌رامبه‌ر رژێمی سه‌دام حوسێن و ئه‌وانی دیكه وه‌ستایه‌وه بۆ قڕكردنی كورد. ئه‌مه‌ش تاكه هۆكاره ، كه وایكردووه تا ئێستا كورد بمێنێ و مه‌وجود بێت."
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی تێكشكاندنی داعش، مه‌سرور بارزانی گوتی:" كورد به ته‌نیا ناتوانێ داعش بخاته سه‌ر رێگه‌ی تێكشكاندن، به‌تایبه‌تی ئه‌و تاقمه تا ئێستاش توانای به سه‌ربازگرتنی ئه‌ندامی نوێ و به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی هه‌یه، تێكشكاندنی تیرۆریستان پێویستی به را‌گرتن و وشككردنی سه‌رچاوه‌ی داهات و چه‌ك و چهكدرانهوه هه‌یه. هه‌روه‌ها پێویست ده‌كات ئێمه له به‌ره‌ی ئایدیۆلۆژیشه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین و ده‌بێ زانایانی ئایینی قسه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن، كه ئیسلام ئه‌مه‌ی قبوڵ نییه و ره‌تیده‌كاته‌وه و نابێ خه‌ڵك تیرۆر بكرێ. ئه‌مه‌ش كاری ئیسلامه و له‌وه‌دا رۆژئاوا ناتوانێ یارمه‌تی بدات. هه‌روه‌ها گوتی:" كورد زۆر له ناوچه‌كانی خۆی گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا به‌ره‌ی شه‌ڕ چۆته پارچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و سوریا، كه هێزێكی كارات له‌سه‌ر زه‌وی نییه، له‌كاتێكدا هێرشه ئاسمانییه‌كان دوژمن ده‌كاته ئامانج."
له‌باره‌ی ستراتیژی هێرشه ئاسمانیه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌تیه‌كانی ئه‌مریكا، مه‌سرور بارزانی گوتی:" بۆ لاوازكردنی داعش و سنوورداركردنی هاتوچۆیان و به ئامانجگرتنی سه‌ركرده‌كانیان زۆر كاریگه‌رن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ دوژمن تێكبشكێنی ئه‌گه‌ر هێزی زه‌مینیت نه‌بێت."
له‌باره‌ی ئازادكردنی مووسڵ، كه كورد پێیوایه ئه‌مه له‌سه‌ر عێراق و هاوپه‌یمانان وه‌ستاوه سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه بكه‌ن، مه‌سرور بارزانی گوتی:" كاره‌كه پێویستی به هیزێكی رزگاركار هه‌یه، نه‌ك هێزێك حه‌ساسیه‌ت له‌ناو ئه‌م پێكهاته دروست بكات." له‌باره‌ی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه، كه به‌غدا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كه‌ی بۆ كورد ده‌نێردرێ ده‌بێ له رێگه‌ی به‌غداوه بگات، به بیانووی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه هێزێكی پرۆفیشناڵ نییه و سه‌ر به پارته سیاسیه‌كانن مه‌سرور بارزانی گوتی:" زۆر له‌و چه‌كانه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه له پاش سه‌دام له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه بۆ سوپای عێراق دابینكران، دواتر له‌لایه‌ن داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا. پێشمه‌رگه شه‌ره‌ف و شكۆی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌یه، ئه‌مه‌ریكا له دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام حوسێن بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ راهێنانی به سوپای عێراق كرد تا ببێته سوپایه‌كی پرۆفیشناڵ و چه‌ندین ملیار دۆلاریشی لێ خەرجکرد كه‌چی 10 رۆژ به‌رامبه‌ر داعش خۆی پێرانەگیرا، لێره‌دا پرسیاره‌كه ئهمەیە، كامیان پرۆفیشناڵن سوپای عێراق یان هێزی پێشمه‌رگه؟".
تا ئێستا 14 فیرقه‌ی پێشمه‌رگه، كه هه‌ر یه‌كێكیان نزیكه‌ی 2500 پێشمه‌رگه ده‌بێت له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان یه‌كیان گرتۆته‌وه، به‌ڵام ریفۆرم كاتی ده‌وێت و به‌رگریكردن له نیشتمان و پڕچه‌ككردن دژی دڕه‌نده‌ترین تیرۆری جیهانی له كاری پێشه‌وه‌یه.
له‌باره‌ی بیانووكانی خۆدزینه‌وه له پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه مه‌سرور بارزانی گوتی:" تكایه پێمان مه‌ڵین ئه‌مه هۆیهكهیه، چونكه ئه‌وه بڕیارێكی سیاسیه، كه تا ئێستا هاوكاری پێشمه‌رگه‌یان نه‌كردووه، له‌وه‌ی پێویستی پێی هه‌یه و شایه‌نی هاوكاریكردنه. ئێمه له‌بری رۆژئاوا شهر ده‌كه‌ین و خوێن و گیانمان داوه، كه له هه‌ر سیستمێكی چه‌ك به‌هادارتره. له یارمه‌تیدانی ئێمه بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه، ده‌بێ جیهان، رۆژئاوا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان چه‌كی باشترمان بۆ دابین بكه‌ن، وه‌ك تانكی پێشكه‌وتوو، هه‌لیكۆپته‌ر و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، كه به‌رگه‌ی بۆمبی چێنراو بگرن، دابینكردنی ئه‌مانه ده‌بێته ده‌ستپێكێكی باش"
له‌باره‌ی سه‌روه‌ری و ئه‌و شتانه‌وه مەسرور بارزانی گوتی: "گه‌وره‌ترین گرفت ئه‌وه‌یه خۆمان له واقیعه‌كه بدزینه‌وه و له‌گه‌ڵ وه‌همدا بژین، عێراق وڵاتێكی دروستكراوه و به‌رده‌وام شكستخواردوو بووه، ته‌نها له سه‌ر نه‌خشه هه‌یه و سنووره‌كانی دیاریكراون، به‌ڵام ئه‌و سنوورانه سرووشتیی نیین".
هه‌رچه‌نده دیموكراسی كوردستان بێ كه‌موكوڕی نییه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری له چاو زۆربه‌ی ناوچه‌كه‌دا ئازاده و پێشوازی له وهربههێنهرانی بیانی كردووه و رێگه‌یه‌كی پراگماتیكی گرتۆته به‌ر له پهیوهندیهكانیدا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراوسێ وه‌ك ئێران و توركیا، له‌وباره‌وه مه‌سرور بارزانی گوتی:" له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا كورد باشترین لاگیری ئه‌مریكایه، كه تۆ له شوێنی دیكه نایبینی، ئێمه هه‌میشه سوپاسگوزاری ئه‌مریكاین بۆ یارمهتیدانهكانی له رۆژی رووخاندنی رژێمی سه‌دامه‌وه."
له باره‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه ، مه‌سرور بارزانی گوتی: "بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه مافی سهربەخۆبوون و دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه، ته‌نیا كورد نه‌بێ؟ ئایا ئه‌مه ره‌وایه؟ ئایا جیهان ئه‌مه‌ی ده‌وێ؟ تورك وئێرانیی ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه، عه‌ره‌ب خاوه‌نی 22 ده‌وڵه‌تن، بۆ گه‌لی كوردیش ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بێت. ئێمه له‌وه زیاتر داوا ناكه‌ین، به له‌وه‌ش كه‌متر قایل نابین. ئه‌مه هه‌ر رووده‌دات، به‌ڵام نامانه‌وێ بە شه‌ڕ بێت".
http://www.wsj.com/articles/on-the-front-line-against-islamic-state-1449273142
