نوێنهرایهتی حكوومهتی ههرێم له یهكێتی ئهوروپا ڕوونكردنهوهیهك بڵاودهكاتهوه
لهبهشێكی ڕوونكردنهوهكهدا هاتووه: بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەی "یوسف محەمەد" کە نوێنەرایەتییەکەمان بە ''حیزبی'' ناوزەد دەکات. نوێنەرایەتییەکەمان بە شانازییەوە ڕای گشتی دڵنیا دەکاتەوە کە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک حیزبی کارمان نەکردووە. ڕیکۆردی کار و چالاکییەکانی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوومان نیشانیدەدا کە نوێنەرایەتییەکەمان بێ جیاوازی و بەو پەڕی بێلایەنی و پرۆفێشناڵییەوە لە خزمەت تەواوی ئەو شاندە ".
ئهمهی خوارهوه دهقی ڕوونكردنهوهكهی نوێنهرایهتی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه له یهكێتی ئهوروپا:-
هەفتەی ڕابردوو بەڕێز یوسف محەمەد بە یاوەری شاندێکی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی شاری برۆکسل-ی کرد و لەوێ چەند دیدار و چاوپێکەوتنێکی لە پەرلەمانی ئەوروپا هەبوو. لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا گەلێک هەواڵی نادروست و هەڵبەستراو لە هەندێ لە میدیاکان بلاوکرانەوە، کە بەشێک لەو هەواڵانە بە مەبەست لە لایەن خودی یوسف محهمهد و شاندی یاوەری بلاوکراونەتەوە. لێرەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە پێویستی دەزانێ ڕاستییەکانی تایبەت بەو سەردانە بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان بڵاو بکاتەوە، ئەمەش بە تایبەتی لە پاش دوا لێدوانی بەڕێز . یوسف محهمهد لە چوارچێوەی دیمانەیەک تەلەفزیۆنیدا کە تێیدا ڕاستەوخۆ هەندێ تانەی ئاڕاستەی نوێنەرایەتییەکەمان کردووە کە بە پێویستی دەزانین وەلامی بدەینەوە.
1- بەر لە هەر شتێک، ڕای گشتی هەرێمی کوردستانی دڵنیا دەکەینەوە کە سەردانی بەڕیز یوسف محەمەد بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل بە بێ هیچ ئاگاداری و زانیارییەکی لە پێشینەی نوێنەرایەتییەکەمان بووە. نوێنەرایەتییەکەمان لە کاتێکدا ئاگاداری ئەم سەردانە بووە، کە پەرلەمانی ئەوروپا چەند ڕۆژێک بەر لە سەردانەکە لە ڕێگەی ئیمەیلەوە نوێنەرایەتییەکەمانی ئاگادار کردووە لە داواکاری ڕاوێژکارێکی بەڕێز یوسف محەمەد بۆ ئەنجامدانی ئەو سەردانە. واتە پەرلەمانی ئەوروپا ئێمەی ئاگادارکردۆتەوە لەو سەردانە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا کە بە پێی پرەنسیپ و ڕێکارە کارپێکراوەکان لە دامەزراوەکانی دەولەت و هەروەها ئوسوڵی کاری پرۆفێشناڵ و دامەزراوەیی، پێویست بوو کە بەڕێز یوسف محەمەد ، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا لەو سەردانە ئاگادار بکاتەوە.
2- بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەی بەڕێز یوسف محەمەد کە نوێنەرایەتییەکەمان بە ''حیزبی'' ناوزەد دەکات. نوێنەرایەتییەکەمان بە شانازییەوە ڕای گشتی دڵنیا دەکاتەوە کە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک حیزبی کارمان نەکردووە. ڕیکۆردی کار و چالاکییەکانی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوومان نیشانیدەدا کە نوێنەرایەتییەکەمان بێ جیاوازی و بەو پەڕی بێلایەنی و پرۆفێشناڵییەوە لە خزمەت تەواوی ئەو شاندە
حکومی و پەرلەمانیانەدا بووە کە هاتونەتە برۆکسل و بە شانازییەوە توانیومانە هەردەم پرۆگرامی دیدار و چاوپێکەوتن بۆ ئەو شاند و کەسایەتییە فەرمییانە دابنێین. هەر لەو چوارچێوەیەدا وە بیری بەڕێز یوسف محەمەد دەهێنینەوە کە ساڵی پار
وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانێکی بۆ وڵاتی هۆڵەندا ئەنجامدا و لە چوارچێوەی ئەو سەردانەشیدا نوێنەرایەتییەکەمان ئەرکی ڕێکخستنی سیمیناری بۆیان گرتە ئەستۆ کە جێگەی سوپاس و پێزانینی خۆیان بوو وە ئەو کات ناوبراو ئێمەی بە پرۆفێشنال و سەرکەوتوو ناوزەد کرد.
3- بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێ کە بەڕێز یوسف محهمهد وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانەکەی ئەنجام دابێ، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە ئەو سەردانە نە لە ڕوالەت و نە لە ناوەرۆکیشدا سەردانێکی فەرمی نەبووە. لە بەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
- بە پێچەوانەی ئەوە دەگوترێ، سەردانەکە بە بانگهێشتنامەی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپا نەبووە، بەڵکو لە دوای نامەی سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بووە، کە ئەو فراکسیۆنەش قەبارەیەکی دیاریکراوی لە پەرلەماندا هەیە و لە کۆی ٧٥١ کورسی پەرلەمان، تەنها ٥٨ کورسی هەیە لە کاتێکدا سەردانەکە سیفەتی فەرمیبوونی وەردەگرت، کە بانگهێشنتامەیەک لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، یاخود لانی کەم سەرۆکی لیژنەیەکی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپا، ئاڕاستە بکرایە. ڕەنگە هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەبێ کە لە کاتی هاتنی بەڕێز یوسف محەمەددا هیچ جۆرە بەخێرهاتنێکی فەرمی و نافەرمی لایەنی ئەوروپی نەبوو و هیچ کەسایەتی و لایەنێکی فەرمی حکومەتی بەلجیکا یاخود پەرلەمانی ئەوروپاش ئامادە نەبوون و یوسف محەمەد لە دەرگای گشتی فرۆکەخانە و وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی هاتۆتە برۆکسل کە ئەوەش بێگومان بە پێی عورفی دیبلۆماسی نەگونجاوە.
ئهوهله كاتێكدا كه بهرێزیان داوای دیتنی سهرۆكی پهرلهمانی ئهوروپا و سهرۆكی یهكێتی ئهوروپا و سهرۆكی گروپه گهورهكانی ناو پهرلهمانی ئهوروپای كردبوو بهڵام هیچ یهك لهو لایهنانه به بیانووی جیاجیا ئاماده نهبوون دانیشتنی له گهڵ ئهنجام بدهن
- هەر سەبارەت بە ڕواڵەتی ئەو سەردانە، ئەو شاندەی کە یاوەری بەڕێز یوسف محەمەد بوو، شاندێکی تەواو حیزبی بوو، جگە لە ئەندام و هەڵسوڕێنەری حیزبەکەی خۆی، هیج پەرلەمانتار و کارمەندێکی پەرلەمانی کوردستانی لە فراکسیۆنە جیاجیاکان لەخۆ نەگرتبوو. لە کاتی گەیشتنی ناوبراویشدا، چەند کەسێکی سەر بە حیزبەکەی خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی و بە تەپلە و پانتۆلی کابۆ وە پێشوازییان لە بەڕێز یوسف محەمەد کرد.
- هەموو ئەمانە لە کاتێکدا گەر شاندی بەڕێز یوسف محەمەد وەک پرەنسیپی کارپێکراو، پێشوەخت ئاگاداری نوێنەرایەتی بکردایە و بە نەهێنی و ژێر بە ژێر ئامادەکاری ئەو سەردانەی نەکردبایە، ئەوا نوێنەرایەتی بە ئەرکی نەگۆڕی خۆی دەزانی کە کاریبکردایە بۆ پێشوازیکردنی فەرمی دەولەتی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا لە شاندەکە و دابینکردنی پاسەوانی فەرمی و دانانی باشترین پرۆگرامی دیدارو چاوپێکەوتن، هتد.
4- سەبارەت بە ناوەرۆکی دیدار و کۆبوونەوەکانی بهڕێز یوسف محەمەد لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە پاش بەدواداچوونی نوێنەرایەتی، دەرکەوت لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا ناوبراو بە شێوەیەکی گشتی وێنەیەکی ناشرین و ناڕاستی هەرێمی کوردستانی بۆ لایەنی بەرامبەر کێشاوە، کە ئەمەش ڕەنگە لە کورت مەودا زیانی بۆ ئەو هەوڵە ئەوروپییانە هەبێ کە بۆ پشتگیریکردنی پێشمەرگە و لایەنی مرۆیی بەگەڕخراون. هەر لەو ڕوانگەیەوە نوێنەرایەتییەکەمان بە ئەرکی خۆی دەزانێ هەستێ بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەل سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی کە دانیشتنیان لەگەڵدا کراوە. ئەوەش بێگومان بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە بە هەڵە گەیەندراون.
5- بەڕیز یوسف محەمەد لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن-ئاڕ-تی کە لە ڕێکەوتی 5-12-2015 لە بەڕلین ئەنجامیداوە، تێیدا کۆمەڵێک تۆمەتی نابەجێ و ناڕاست بەرامبەر بە نوێنەرایەتییەکەمان هەڵدەبەستێ و بەوە تاوانبارمان دەکات کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبین، لێرەدا لە کاک یوسف دەپرسین ئایا ئەوە ئێمەین کە هەست بە بەرپرسیارێتی پێگەکەمان ناکەین یاخود ئەوە بەڕیزتانن کە بە ناوی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕێگە بە خۆتان دەدەن پەیامێکی تەواو حیزبی و لایەنگیرانە بگەیەنن و بەوەش شکۆی هەرێمی کوردستان و خودی پەرلەمانی کوردستان لەکەدار بکەن!؟ هەر سەبارەت بە هەستی بەرپرسیارێتی، بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین کە لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەڕیز یوسف محەمەد بەشدار بوو و تێیدا وتارێکی بە زمانی عەرەبی خوێندەوە، نوێنەرایەتییەکەمان وەک لایەنی سەرەکی و نوێنەری هەرێمی کوردستان بانگهێشتکرابوو، بەڵام ئێمە لە پاش ئەوەی کە زانیمان بەڕێز یوسف محەمەدیش بەشدارێکی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێ و ئەویش کۆبوونەوەکە دەقۆزێتەوە بۆ هێرشکردنی ناڕەوا، هەروەک ئەوەی ڕووشیدا، ئێمە بڕیارمان دا بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبین.
بێگومان گەر بەشدار بوینایە، پێویست بوو وەڵامی تۆمەت و تانەکانی بەڕیز یوسف محەمەدمان بدایەتەوە، بەلام ئێمە کە هەست بە بەرپرسیاریتی سەرشانمان دەکەین، بڕیارمان دا ناکۆکییەکانی ناوخۆ نەبەینە ناو کۆبوونەوەیەکەوە کە لە بنەڕەتدا لە نێوان لایەنی عێراق و یەکێتی ئەوروپادایە و بەوەش دڵی کۆمەڵێک لە بەغدا خۆش بکەین و وێنەیەکی ناشرینی هەریمی کوردستان بگەیەنینە ئەوروپییەکان.
6- لە کۆتاییدا بۆ ڕای گشتی و ڕەوەندی کوردستانی لە ولاتانی بەنەلۆکس دووپات دەکەینەوە کە نوێنەرایەتییەکەمان وەکو پێشتر ماڵی هەموو کوردستانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەردەوام دەبێ لە بەجێگەیاندنی ئەرک و کارەکانی بەوپەڕی پرۆفێشناڵی و بێ هیچ جیاوازی و لایەنگیرییەک. ریکۆردی کار و چالاکییەکانمان لە ماوەی ڕابردوودا باشترین گەواهی و نیشانەی ئەو ڕاستییەیەو کورد وتەنی بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێ.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا
برۆکسل، 5-12-2015
باسنيوز
