نەجمەدین كەریم: تیرۆركردنی جبووری کردنەئامانجی پێكەوەژیانە لە كەركووك
ئێوارەی رۆژی 1-12-2015 نووسینگەی راگەیاندنی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك بەیاننامەیەكی سەبارەت بەكوژرانی محەممەد خەلیل جبووری، سەرۆكی گروپی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڵاوكردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری كەركووك دەڵێ:" تیرۆركردنی جبووری کردنەی ئامانجی برایەتی و پێكەوەژیان و یەكگرتوویی سیاسی خەڵكی كەركووك و نوێنەرەكانییەتی، بكەرانی ئەو تاوانە تیرۆرستییە ترسنۆكانە دەیانەوێ ئاژاوەگێڕی لە نێوان كەركووكییەكان دروست بكەن".
لە بەیاننامەکەدا نەجمەدین كەریم رایدەگەیێنێت كە دەزگا ئەمنییەكانی شارەكەیان بۆ لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە راسپاردووە سەبارەت بە تیرۆركردنی جبووری و سەرجەم تۆمەتبارانیش رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.
پارێزگای كەركووك هەروەها دەڵێ: "ئەوانەی دەست بۆ خەڵكی كەركووك و نوێنەرەكانی دەبەن رووبەڕووی دادگا دەبنەوە و دەكرێنە نموونە".
نەجمەدین كەریم ئاماژە بەوەش دەكات، كە هێزی خەڵكی كەركووك لە یەكگرتوویی و پابەندبوونە بە میانڕەوی. بەرامبەر هێزی شەڕ و تیرۆستان سەردەكەوێت.
كاژێر 8:20 خولەكی شەوی 1-12-2015، چەند چەكدارێكی نەناسراو ئۆتۆمبێلی محەممەد خەلیل جبووری-یان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە، بەهۆیەوە جبووری كوژرا و هاوژینەكەشی برینداربوو.
رووداو
