ئاشتون کارتەر : سەرکەوتنى هێزی پێشمەرگە بە بەرزی دەنرخێنم و گلەییم لە هێزە عێراقیەکان هەیە
ئاشتون کارتەر، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا، لە بەردەم کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێزە کوردیـیەکانی لە سوریا بە هاوکاری لەگەڵ هێزە عەرەبیـیەکان توانیویانە لەم دوایـیانە ناوچەی هۆلێ لە باشوری حەسەکە لە دەستى داعش ڕزگار بکەن، کە بە لایەنی کەم ڕوبەرەکەی ٩٠٠ کیلۆمەتر دووجا دەبێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، کە وەزارەتەکەی ئامادەیە هێزی زیاتری تایبەتی خۆی بۆ سوریا ڕەوانە بکات.
سەبارەت بە هێزە کوردیـیەکان لە عێراق، کارتەر، وتیشی ئەوانیش لەم دوایـیە شەنگالیان ڕزگارکرد و ئەمەش بەرەوپـێشـچوونێـکی گەورەیە، چونکە هەردوو شاری سەرەکی موسڵ و ڕەققەی ژێر دەسـتی داعشی لەیەک دابڕیوە.
کارتەر، ڕەخنەى لە هێزە عێراقیـیەکان گرت و ڕاشیگەیاند "تایفەگەرایی و دەستێوەردانی ئێران کاری ئەو هێزانەی قورسکردووە و ئەمەش وایکردووە بەرەوپـێشچوون لە ناوچە سووننەکانی وەکو ڕومادی خاوبێت."
وەزیری بەرگی ئەمەریکا ئەوەشى وت لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە دژی داعش هێزی تایبەت ڕەوانەی عێراق دەکات، بەڵام ئاماژەی بۆ قەبارەی هێزەکە نەکرد.
هەروەها وتی "ئەم هێزە یارمەتی هێزەکانی عێراق و پـێشـمەرگە دەدەن لەم شەڕەی دژی داعش."
وتیشى "ئەو هێزە بەشداری لە ئەرکە جەنگیـیەکان دەکات، لەوانە هەڵمەتەکانی کە لە ناکاو ئەنجام دەدرێن و ئازادکردنی بارمتەکان و کاری هەواڵگری و دەسـتگیرکردنی ڕێبەرانی داعش لە ئەستۆ دەگرێت."
کارتەر، جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو ئۆپەراسیۆنەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن و ئەو هێزە کار بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراقیش دەکات و تواناکانی هێزە خۆجێـیەکان زیاتر دەکات.
