ساڵی داهاتوو یەكەی نیشتەجێ و زەوی دەدرێتە كەسوكاری شەهیدانی شەری داعش

ساڵی داهاتوو یەكەی نیشتەجێ و زەوی دەدرێتە كەسوكاری شەهیدانی شەری داعش
سەرۆكی لیژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێ بەسەر كەسوكاری شەهیدانی تیرۆر ئاشكرای دەكات لە ساڵی 2016 زەوی و خانوو دابەشی سەر كەسوكاری شەهیدانی شەری داعش دەكەن.

مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری شەھیدان و سەرۆكی لیژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێ بەسەر كەسوكاری شەهیدانی تیرۆر رایگەیاند: دوای سێ كۆبونەوە داوایان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی كردوە بۆ دابینكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێ بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەری تیرۆر، تاوەكو ئەوان زەوی و یەكەی نیشتەجێ ئامادە نەكەن ئێمە ناتوانین دەست بە پرۆسەكە بكەین، بۆیە چاوەرانی هەردو وەزارەتین بۆ تەواوكردنی كارەكانیان.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند بوو لە ھەرسێ پارێزگای ھەرێم یەكەی پێویست ھەیە بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر كەسوكاری شەھیدانی تیرۆر ئامادەیە و بەم نزیكانە دابەشی سەركەسوكاری شەهیدانی دەكەن.

بەڵام مەحمودی حاجی ساڵح بە پێچەوانەی قسەكانی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، هێما بۆ ئەوە دەكات یەكەكانی نیشتەجێبوون ئامادە نەكران، گوتیشی: دابینكردنی یەكەی نیشتەجێ ئەوەیە بڵێن ها لیژنەی باڵا ئەوە یەكەكان تا دابەشی بكەین.

سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێ بەسەر كەسوكاری شەهیدانی تیرۆر دەشڵێت:یەكەكانی نیشتەجێ بوون هەندێك كەموكوریان هەیە و تەواونەبوونە و پێویستیان بە بودجە هەیە بۆ تەواكردنیان، چونكە خانووەكان هەندێك كەموو كوڕیان هەیە و ئەوان تەواویان نەكردووە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە لە دوای ١٠-٦-٢٠١٤ ، وە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش هەزار و 288 پێشمەرگە شەھید بوونە.

مەحمودی حاجی ساڵح جەختی كردەوە بەپێی پارێزگاكان چەند یەكە و زەوی ئامادەبێت دابەشی سەركەسوكاری شەهیدانی دەكەن، گوتیشی: لە كوێ خانو یەكەی نیشتەجێ هەبوو، دابەشی دەكەن لە كوێ تەنها زەوی هەبووە ئەوە تەنها زەوی دابەش دەكەین بەڵام زەویەكان دەبێت نزیك بێت لە نرخی خانووەكان.

ئەو وەزیرە روونی كردەوە پێدانی زەوی و خانوو بە شەهیدانی شەری تیرۆر مینحەیە و دەدرێتە وارسی شەهیدان، گوتیشی: ئەگەر پێشمەرگەیەك خێزان و منداڵیش نەبێت و هاوسەرگیریشی نەكرد بێت ئەوە خانوو یان زەوی پێ دەدرێت
Top