لە یەک مانگدا 618 چەكداری داعش كوژراون
رۆژی سێشەممە 1-12-2015 سەعید مەموزینی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" تەنیا لە مانگی 11-ی 2015 چەكدارانی داعش 133 كەس كە 47 یان ژن بوون بە تۆمەتی جۆراوجۆر گوللـەباران كردووە، هاوكات 25 منداڵیش لە برسان مردوون و 212 كەس گورچیلەی خۆیان فرۆشتووە".
مەموزینی گوتیشی "ئەمڕۆش لە كاتی تەقاندنەوەی خانوویەك لەگوندی بازێوە لە رۆژهەڵاتی شاری موسڵ، بۆمبێك بە خۆیاندا تەقییەوەو لە ئەنجامدا 5 چەكداری داعش كوژران، لە ناوچەی حەزەریش ژمارەیەك چەكداری سەربە گرووپی نەقشبەندی، كە سەربە عیزەت دووریە، لەگەڵ ژمارەیەك چەكداری داعش رووبەڕووی یەكدی بوونەوەو لە ئەنجامدا 7 چەكدار لە نێوان هەردوولا كوژراون".
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شاری موسڵ رایگەیاند، بە تۆمەتی رێگەنەدان بە دووبارە بەكارخستنەوەی كارگەی شەكر لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو کارگەیە، رۆژی دووشەممە 30-11-2015 رێكخراوی داعش بەڕێوەبەری كارگەی شەكری موسڵی لە سەربازگەی غەزلان لە ناوەڕاستی نەینەوا گوللـەباران كردووەو تەرمەكەشی رەوانەی پزیشكی داد كردووە، رێگەشی نەداوە كەسوكارەكەی پرسەی بۆ دابنێن.
رووداو
