مه‌سرور بارزانی پێشوازی له بالیۆزی نه‌رویج له ئوردن و عێراق و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات
مه‌سرور بارزانی پێشوازی له بالیۆزی نه‌رویج له ئوردن و عێراق و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 29/11/2015 به‌ڕێز (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له خاتوو (سیسێڵ برێی) بالیۆزی نه‌رویج له ئوردن و عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه تاوتوكرا و شاندی میوان پیرۆزبایی خۆیان به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی شنگال راگه‌یاند و ئاماژه‌یان به ئازایه‌تی و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه كرد له تێكشكاندن و پاشهكشهكردندا به تیرۆریستانی داعش.
له به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێشمه‌رگه توانیویه‌تی له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنی و پاشه‌كه‌شی پێ بكات و ناوچه‌یه‌كی فره‌وانی لێ پاك بكاته‌وه، به‌ڵام كۆتایی پێهاتنی ته‌واوه‌تی داعش پێویستی به پاڵپشتی و هاوكاری زیاتر هه‌یه و پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر پێشمه‌رگه پڕ چه‌ك بكات.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌كانی عێراق به گشتی، كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرا، كه رۆژ به رۆژ به‌هۆی ئه‌م كێشانه‌وه كه‌لێنی نێوان پێكهاته‌كان فره‌وانتر ده‌بێت، له‌وباره‌وه راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق پێویسته سه‌یری هۆكاری راسته‌قینه‌ی كێشه‌كان بكرێ و زۆر گرنگه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بژارده‌ی دیكه تاقی بكاته‌وه و گوتی: ده‌بێ پێكهاته‌كان به گفتوگۆ و لێك تێگه‌یشتن چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن و باشترین چاره‌سه‌ریش بۆ كۆی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئه‌وه‌یه ببنه دوو هاوسێی باش.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه سه‌ر كێشه‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه به‌وه درا، كه پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكار بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رێگری نه‌كرێت له هه‌وڵه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان .
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دۆخی سیاسی ناوچه‌كه تاوتوكرا و دووپات له رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه كرایه‌وه.
