خۆشناو: یووسف محەممەد بە سیفەتی سەرۆک نەچووەتە ئەورووپا
(ئومێد خۆشناو)، سهرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی له پهڕلهمانی كوردستان بە ئاژانسی ههواڵی پهیامنێری راگەیاند: "بەرنامەیەكی ساڵانە لە پەرلەمانی ئەورووپا دەكرێت، بەڵام لەسەر ئاستێكی باڵادا نییە، بۆیە هەمیشە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری دەكات، بەڵام سەرۆكی ئەنجوومەن پارساڵیش خۆی بەشداریی نەكرد و جێگرەكەی (ئارام شێخ محەممەد)ـی ناردبوو، بۆیە ئەمساڵیش جێگرەكەی، (یووسف محەممەد)ـی لە شوێنی خۆی ناردووە لەبەر ئەوەی لە حیزبەكەی خۆیەتی، بۆیە لەوێ وەكو سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لێ ناكرێت و لە كۆبوونەوە فەرمییەكانیش بەشدار نابن، تەنیا لە میواندارییەكان بەشدار دەبێت و لە كاتی پرسیار و وەڵامیش لە تەنیشت نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و بە هیچ شێوەیەك وتاری فەرمیی وەكو سەرۆكی پەرلەمان نابێت".
(خۆشناو) گوتیشی: "جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوارچێوەی تێگەییشتنە حیزبییەكانیدا، هەوڵی داوە ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە و رێككەوتنی ئێمە و گۆڕان هەڵوەشاوەتەوە و لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لادراوە، ویستوویەتی بەم شێوەیە قەرەبووی بكاتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە وەكو سەرۆكی پەرلەمان بەشدار نابێت".
جەختیشی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك نە بە نوێنەرایەتیی هەرێم و نە وەك سیفەتی سەرۆكی پەرلەمان سەردانەكەی نەكردووە، بەڵكە بە هەوڵێكی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بە نوێنەرایەتیی ئەوان بووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد دەشڵێت، لە ماوەی رابردوویشدا (یووسف محەممەد) زۆر هەوڵی دا لە سلێمانی لە دیدارەكانیدا نوێنەری كۆنسووڵخانەكان سەردانی بكەن و چەند بەرنامەیەك بۆ دەرەوە رێك بخات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
