حاكم سەرحان سلێڤانەیی : هیچ بڕەپارەیەك لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.

 حاكم سەرحان سلێڤانەیی : هیچ بڕەپارەیەك لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.
پەرلەمانتارێكی كورد، بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێكی لیستی دەوڵەتی یاسا دەداتەوە كە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "كەی ئێن ئێن"، باسی لەوە كردبوو كە، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەكات، بەڵام پارتیی دیموكراتی كوردستان دابەشی ناكات. (حاكم سەرحان)ـیش دەڵێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بڕەپارەیەك لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.

(حاكم سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "(هەیسم جبوور) پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا كە لە لیژنەی دارایی ئەندامە، لێدوانێكی داوە كە گوایە حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، بەڵام پارتیی دیموكراتی كوردستان دابەشی ناكات، ئەوەیش لە راستیدا هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە، چونكە وەزیری نەوتی عێراق خۆی لە پەرلەمان باسی لەوە كرد، هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێم رەوانە ناكەن ئەگەر نەوتی خۆیان رادەستی سۆمۆ نەكەن، بۆیە ئەو پەرلەمانتارەی سەر بە (نووری مالیكی) بەردەوام كاری ئەوەیە لێدوان دژی هەرێمی كوردستان بدات".

(سلێڤانەیی) گوتیشی: "ئەگەر ئەو پەرلەمانتارە راست دەكات با بەڵگە بخاتە ڕوو، بەڵام دیارە كە كاری ئەوانە تەنیا درۆكردن و بوختانكردنە بە هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ـوە بەغدا یەك مانگیش بە تەواوەتی پارەی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە، لە كاتێكدا پێویستە بەپێی یاسا مانگانە ترلیۆنێك و٢٠٠ ملیار دینار رەوانە بكەن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، حەق نییە مێدیای كوردی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو جۆرە كەسانەدا بكات كە كاریان تەنیا دژایەتیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەمانە بە هیچ شێوەیەك بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیان ناوێت، بەڵام دیارە ئەو كەناڵەیش كاری دژایەتیكردنی پارتییە و لە (مالیكی)ـیەوە نزیكە.










KDP.info-
Top